شارپرێس:
وەزارەتی داراییو ئابوریی حكومهتى ههرێم ڕایدهگهیهنێت، "لیستی موچەی مانگی حەوتی موچەخۆرانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردوه"، دهشڵێت، "بەمەش ڕێکارە کارگێڕییو یاساییەکانی دابینکردنی موچە دەستپێدەکات".
ئەمڕۆ چوارشەممە وهزارهتى دارایی ههرێم وتویهتى، "لیستی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانو موچەخۆرانی هەرێمو ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی حوزەیران لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوه".
ئهوهش ئاشكراكراوه، "لەسەر ڕاسپاردەی وەزیرى دارایى ههرێم، ناوی 981 فەرمانبەری گرێبەست کە تەمەنیان لە60 ساڵە تێپەریبوو داخڵی لیستی موچە کرانەوەو تا کۆتایی ساڵ بەردەوامدەبن لەخزمەتکردن".
سەرچاوەیەکیش وتویهتى، "کاتژمێر 9ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، لیستی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانو موچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی شەش، لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوه".
بهگوێرهى وتهى سهرچاوهكه، "دوای گەیشتنی لیستی موچەخۆران، وەک ڕێکارێکی یاسایی بۆ تەمویلکردنی موچە، بەغدا دەست بەپرۆسەی وردبینی لەلیستەکەدا لەماوەی 48 تا 72 کاتژمێر دەکات".
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی خراپبونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەو ڕاگرتنی هەناردەی نەوتو دابەزینی داهاتی مانگانە، حکومەتی هەرێم چەندجارێک داوای لەبەغدا کردوە ڕەچاوی کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی هەرێم بکات، بەجۆرێک تا ئاساییبونەوەی دۆخەکەو باشتربونی باری دارایی، مانگانە 50%ی داهاتە نانەوتییەکان ڕەوانەی بەغدا بکات.