ئۆزگور ئۆزال ماڵئاوایی لەجه‌هه‌په‌ دەکات‌و 83 پەرلەمانتاریشى له‌گه‌ڵ خۆى برد

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2603 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی پێشوی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەدوا وتاریدا لەبەردەم کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، وتاری ماڵئاوایی پێشکەشکردو پلانی خۆی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ ڕاگەیاند. هەروەک باس لەوەشدەکرێت، 83 پەرلەمانتاریش لەگەڵ ئۆزالدا لەپارتی گەلی کۆماری کشاونەتەوەو پەیوەندیی بەپارتە نوێیه‌كه‌ى ئۆزاله‌وه‌ دەکەن.


سەرەڕای دزەپێکردنی لیستی ناوی پەرلەمانتارەکان بۆ ڕۆژنامەکان، بەڵام تائێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن پەرلەمانتاران خۆیانەوە دەرنەچوە.

ئۆزال ئاماژەی بەوەکردوە، لەئێستادا خەریکی ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پارتە نوێکەن‌و ناوی فەرمی پارتەکە لەکۆتایی ئەم مانگەدا، واتە تەمموز، یاخود لەسەرەتای مانگی ئابی داهاتودا ئاشکرادەکرێت.

هەروەها ڕونیکردەوە، ناوی پارتە نوێیه‌کە هێشتا کاری لەسەردەکرێت‌و ئەگەر ڕێکارە یاساییەکان بەهیچ ئەنجامێک نەگەن، بەفەرمی دادەمەزرێت.

زانیارییە سیاسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە زۆربەی لیژنەی دامەزرێنەر لەپەرلەمانتاران پێکدێت‌و پێشبینیدەکرێت، لەڕۆژانی 24 یاخود 27ی ئەم مانگەدا داواکاری دامەزراندنی پارتەکە پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوەهات، لەمانگی ئایاری ڕابردودا، دادگای پێداچونەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی 38مین کۆنگرەی گشتی پارتی گەلی کۆماریدا بەهۆی بونی کەموکوڕی یاساییەوە، بەوەش هەڵبژاردنی ئۆزگور ئۆزالی هەڵوەشاندەوەو کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ-ی سەرۆکی پێشوی بەبڕیاری دادگا گەڕاندەوە بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە.

ئەم بڕیارە دادوەرییە قەیرانێکی ناوخۆیی گەورەی تەقاندەوە؛ چونکە ئۆزال‌و ڕەوتەکەی ڕەتیانکردەوە دەستبەرداری سەرکردایەتیی ببن‌و بڕیارەکەیان بەدەستێوەردان لەسەروەریی پارتەکە هەژمارکرد.