شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئەمنیی
ئاگاداری عێراقی ئاشکرایکرد، تاران لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا پێداچونەوەی بەشێوازی
بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی عێراقدا کردوە، بەجۆرێک کە
بگونجێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە سەربازییو سیاسییانەی بەهۆی خولی نوێی گرژییەکانی
نێوان واشنتۆنو تارانەوە هاتونەتە ئاراوە.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستوه
ناوی ئاشکرابکرێت ڕایگهیاندوه، "ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر
بەسوپای پاسدارانی ئێران، لەپەراوێزی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوی
ئێران، کۆبونەوەیەکی نھێنی لەپارێزگای نەجەف لەگەڵ ژمارەیەکی سنوردار لەسەرکردەکانی
چەند گروپێکی چەکداری عێراقدا ئهنجامداوه؛ لەو کۆبونەوەیەدا هەڵسەنگاندن بۆ پەرەسەندنی
گرژییە هەرێمییەکانو میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لەقۆناغی داهاتودا کراوە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە،
کۆبونەوەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهاتوە کە لەئێستادا گروپە چەکدارەکانی عێراق لەدەرەوەی
بازنەی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ بهێڵدرێنەوەو هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەخاکی عێراقەوە ئەنجامنەدرێت،
بڕیاری کۆتایی ئێران لەئێستادا جەختکردنەوەیە لەسەر بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی ڕوبەڕوبونەوەکان
لەلایەن تارانەوە، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لەهێرشی بەرفراوانی ئەمریکا بۆسەر
ناوخۆی عێراق.
هەرچەندە لەناو هەندێک
لەناوەندەکانی ئەو گروپانەدا جیاوازیی بیروڕا هەیە لەسەر ئاستی بەشداریکردن لەم
ململانێیەدا، بەڵام سەرچاوەکە دوپاتیکردەوە، گروپەکان تائێستا پابەندی ڕێنماییەکان
بونو بڕیاری کۆتایی نەکردنەوەی بەرەی عێراقە، لەکاتێکدا هەموو بژاردەکانی دیكهش
بهگوێرهى گۆڕانکارییو پەرەسەندنەکانی جەنگەکە شیاوی پێداچونەوەن، بەردەوامیی ئەم
هەڵوێستەش بەستراوەتەوە بەهاوکێشە ئاڵۆزەکانی نێوان ئێرانو عێراق؛ لەوانەش
پاراستنی عێراق لەهەر وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی ئەمریکا، پاراستنی هێوربونەوەی
ناوخۆییو تێکنەدانی ئەو گفتوگۆیانەی بۆ سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەڕێوەدەچن.
هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی
جەنگی نێوان واشنتۆنو تاران، حکومەتی عێراق سیاسەتی خۆدورگرتنی لەم ململانێیە
گرتوەتەبەرو ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی لەدەوروبەری بنکە سەربازییەکانو نێردە دیپلۆماسییەکان
جێبەجێکردوە.
هەروەها بەغدا هەماهەنگییەکانی
لەگەڵ هێزە سیاسییو ئەمنییەکاندا چڕکردوەتەوەو گفتوگۆکانی لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا
بەردەوام پێدەدات بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی خاکی عێراق نەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی
نامەی سەربازیی نێوان هەردولا.
چەند میلیشیایەکی چەکداریی
عێراقی کە لەپێشەنگیاندا (کەتائیبی حزبوڵڵاو بزوتنەوەی نوجەبا)ن، بەئاشکرا بەستراوەیی
سیاسییو بیروباوەڕی خۆیان بەئێرانو ویلایەتی فەقێوە ڕادەگەیەنن، ئەم بابەتەش بەهۆی
مانەوەی چەک لەدەستی ئەو پێکهاتانەداو بونیان لەناو ئەو دامەزراوانەی کە لەلایەن دەوڵەتی
عێراقەوە پارەدار دەکرێن، بوەتە مایەی نیگەرانیی فەرمی؛ چونکە هەر گرژییەکی نێوان
تارانو واشنتۆن ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوخۆی عێراق دەبێتو بەغدا دەخاتە بەردەم
تاقیکردنەوەیەکی قورس بۆ پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری ئەمنیی خۆی.
عەبدولغەنی غەزبان شارەزای
کاروباری ئەمنی ڕایگەیاندوه، "هەر جوڵەیەکی گروپە چەکدارەکان دەبێتە کۆسپ لەبەردەم
جوڵەکانی حکومەتی عێراقداو لەهەمانکاتدا لایەنی ئەمریکی هاندەدات فشارەکانی لەسەر
بەغدا زیاتر بکات، چ بۆ ئاشکراکردنی لایەنە بەرپرسەکان لەهێرشەکان، یان بۆ هەنگاونانی
وردتر لەدۆسیەی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکاندا"، غەزبان وتوشیهتى،
"بەردەوامیی ئەم دۆخە وێنەیەکی نەرێنی لەسەر عێراق نیشاندەداتو ناسەقامگیریی
دەچەسپێنێت، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر جوڵەی وەبەرهێنانو هەلی هاتنەناوەوەی کۆمپانیا
ئەمریکییەکان بۆ بازاڕی عێراق دەبێت، ڕەنگە بشبێتە هۆی پاشەکشە یان لەناوچونی بەشێک
لەو دەستکەوتانەی کە لەسەردانەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران بۆ کۆشکی سپی بەدەستهاتون".
ناوەندە سیاسییەکان ترسیان هەیە لەوەی هەر پەرەسەندنێکی
نوێ لەنێوان واشنتۆنو تاراندا، مەودای مانۆڕی حکومەتی عێراق کەمبکاتەوەو ناچاری
بکات ڕێکاری ئەمنییو سیاسیی توندتر بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆییو ڕێگریکردن
لەخزانی وڵات بۆ ناو جەنگێکی بەوەکالەت.
