سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی: ئیسرائیل بەبێ داواکاریی ئەمریکا لەهێرشکردنە سەر ئێران دەستپێشخەریی ناکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ بەرفراوانبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاوێژکاریی ئەمنی ئەنجامدا و تێیدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە ئیسرائیل بێ داواکاریی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران دەستپێشخەریی ناکات.

 
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن؛ دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل جەختی لەووکردۆتەوە کە تاران هێشتا بڕیاری لەسەر بەئامانجگرتنی ئیسرائیل نەداوە و دەیەوێت لە دەرەوەی هاوکێشەکە بیهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە لێدانی ئامانجە ستراتیژییەکانی ناو ئێران، ئەو ئەگەرە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

هەروەک، سەرچاوەیەکی تری ئیسرائیلی پشتڕاستی کردۆتەوە کە حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە کە بەبێ داواکاریی ئەمریکا دەستپێشخەری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ناکات.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، کشانەوەی تاقیکاریی سوپای ئیسرائیل لە دوو ناوچەی باشووری لوبنان دەستیپێکردووە؛ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە توانای سوپای لوبنان لە هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی حزبوڵڵا و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی چەکدارەکانی دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەوە، بە پێچەوانەشەوە ئیسرائیل دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و هیچ کشانەوەیەکی تر ئەنجام نادات.