شارپرێس:
بزوتنەوەی (ئەنساروڵڵاى
حوسییەکان) لەیەمەن ڕایگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی دەریایی بۆ سەر سەرجەم
کەشتییەکانی عەرەبستانی سعودیە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک
بۆ ئەو گەمارۆیەی کە بەوتەی ئەوان، زیاتر لە 12 ساڵە لەلایەن ڕیازەوە بەسەر یەمەندا
سەپێنراوە.
حوسییەکان جەختیان لەسەر
مافی گەلی یەمەن کردوەتەوە لەوەڵامدانەوەی "گەمارۆ بەگەمارۆو پەرەسەندنی گشتگیر
بەپەرەسەندنی گشتگیر"و ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ هەموو سیناریۆو پێشهاتەکانی
قۆناغی داهاتوو نیشانداوە، لەنێوانیاندا ناردنی شەڕکەری زیاتر بۆ بەرەکانی جەنگ.
لەبەرامبەردا، وەزارەتی
دەرەوەی سعودیە بەتوندی سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی کردو داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
کرد کە بەرپرسیارێتی خۆی لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، بەتایبەت بڕیاری
2722ى تایبەت بەئازادیی گەشتوگوزاری دەریایی لەدەریای سوردا بگرێتەبەر.
ڕیاز دوپاتیشیکردوهتهوه،
سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی کەشتییەکانی بهگوێرهى یاسا نێودەوڵەتییەکان
دەگرێتەبەر.
بڕیارنامەی ژمارە 2722ی
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڵگەنامەیەکی یاسایی نێودەوڵەتییە کە تایبەتە
بەپاراستنی ئاسایشی دەریایی لەدەریای سوردا، ئەم بڕیارنامەیە لە10ی کانونی دوەمی
ساڵى 2024دا پەسەندکرا، هۆکاری سەرەکیشی بۆ پەرەسەندنی هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکانی
یەمەن دەگەڕایەوە بۆسەر کەشتییە بازرگانیو نەوتهەڵگرەکان لەدەریای سورو گەروی
بابولمهندهب بڕیارەکە بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی حوسییەکان دەکاتو داوایان لێدەکات
ڕاستەوخۆ سەرجەم هێرشەکان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان ڕابگرێت.
ئهو بڕیارنامهیه جەخت
لەسەر پاراستنی مافی کەشتییەکان دەکاتەوە بۆ هاتوچۆی ئازاد لەدەریای سوردا بهگوێرهى
یاسا نێودەوڵەتییەکان، هاوكات داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کەشتیی بازرگانیی (Galaxy Leader)و سەرجەم ستافەکەی كردبوو کە ئهوكات لەلایەن
حوسییەکانەوە دەستبەسەرکرابون، ههروهها خاڵێکی سەرەکیو گرنگی ئەو بڕیارە ئەوەیە
کە دان بەمافی وڵاتانی ئەندامدا دەنێت بۆ بەرگریکردن لەکەشتییەکانیان لەبەرامبەر هەر
هێرشێک کە ئاسایشی دەریایی بخاتە مەترسییەوە، ئەم خاڵە-ش لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاوە
وەک بنەمایەک بەکارهات بۆ هێرشکردنەسەر پێگە سەربازییەکانی حوسییەکان لەناوخۆی یەمەن،
بڕیارنامهكهش بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندکرا كه 11 دهنگى
بهڵێ بوو ئهوانیش (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنساو ژاپۆن)، چوار دەنگی بێلایەن ههبون
ئهوانیش (ڕوسیا، چین، جەزائیرو مۆزەمبیق)، بهڵام هیچ دەنگێکی نەخێر (ڤیتۆ) دژی بڕیارەکە
بەکارنەهات.
ئێستاش کە حوسییەکان گەمارۆی
دەریاییان بەسەر کەشتییەکانی سعودیەدا سەپاندوە، ڕیاز ڕاستەوخۆ پشت بەو بڕیارنامەیە
دەبەستێت وەک بەڵگەیەکی یاسایی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو گەمارۆیەو داوا لەجیهان دەکات
فشاربخەنەسەر حوسییەکان.
