شارپرێس:
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بەکەناڵی حورهى ڕاگەیاندوە، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لەوەشاندنی گورزە سەربازییەکانی دژ بەئێران، سەرهڕای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات نەوەستاون، ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لەدەوروبەری گەروی هورمز بەرەو بەرزبونەوە دەچنو هاوکات هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕکراونەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردوە، دۆناڵد ترەمپ لەئێستادا جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، "ئێران ناچاربکات باجی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بەیاداشتی لێکتێگەیشتنو کردەوە بەردەوامەکانی لەگەروی هورمزدا بدات".
سەرۆکی ئەمریکا تاران بەبەرپرسیاری یەکەمی کوژرانی ئەمدواییەی سەربازانی ئەمریکی دەزانێت، بهرپرسه ئهمریكیهكه وتوشیهتى، "ئەم گورزە وێرانکەرانە بەردەوامدەبن تائەوکاتەی سەرۆک بڕیارێکی دیكه دەدات، بەڵام لەهەمانکاتدا هێڵەکانی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەکراوەیی دەمێننەوە".
لاى خۆیشیهوه فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ دهیهمین شەو لەسەریەک، ئەنجامداننی هێرشی نوێی ڕاگهیاند، ئامانجیش لێی سنوردارکردنی تواناکانی ئێرانە بۆ هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروی هورمزدا، ترەمپ ڕۆژی دوشەممە جهختیكردهوه، ئێران باجێکی قورس بەرامبەر بەکوژرانی سەربازانی ئەمریکی لەشەڕەکانی چەند ڕۆژی ڕابردودا دەدات.
لەسەر ئاستی دەریایی، ڕوبەڕوبونەوەکان لەدەوروبەری گەروی هورمز توندتر بونەتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندوە، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر دوای ئەوەی هەوڵیانداوە لەڕێڕەوێکی باشوریی نائارامەوە تێپەڕن، توشی تەقینەوە بون، لەبەرامبەردا، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی ئەو گەمارۆ دەریاییەی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندویانە، ئاراستەی حەوت کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوەو ڕێگرییان لەتێپەڕبونی کەشتییەکی دیكهش کردوە. هاوکات، بازنەی ململانێکان فراوانتربون کاتێک گروپی حوسییەکان لەیەمەن، کە هاوپەیمانی ئێرانن، سەپاندنی گەمارۆی دەریاییان بەسەر عەرەبستانی سعودیەدا ڕاگهیاند، ئەمەش هەڕەشە لەڕەوتی بازرگانیو دابینکردنی وزە لەناوچەکەدا دەکات.
سەرهڕای پەرەسەندنی شەڕ، ڕاپۆرتە ئەمریکیو ئێرانییەکان ئاماژە بەبونی جوڵەیەک لەلایەن لایەنە ناوژیوانەکانەوە دەکەن بۆ گەیشتن بەئاگربەستێکی نوێ، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بەئاژانسی ڕۆیتەرزی وتوه، "ناوژیوانەکان پێشنیازی ئاگربەستێکی 10 ڕۆژەیان پێشکەشی تاران کردوە، بەئامانجی ڕەخساندنی زەمینە بۆ زیندوکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە کاتییەی کە مانگی ڕابردوو هەرەسیهێنا".
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستیکردەوە، پێشنیازیان لەو لایەنانەوە پێگەیشتوە کە دەیانەوێت ڕێگریی لەتەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان بکەن، بەڵام وردەکارییەکانی ئاشکرانەکرد.
لای خۆیشییەوە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن هێشتا ئامادەیە بۆ گرتنەبەری ڕێڕەوی دیپلۆماسی، بەڵام پێویستە ڕەفتارەکانی ئێران بگۆڕدرێن پێشئەوەی ئەمریکا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەئێستادا ڕوبەڕوی کۆسپێکی سەرەکی بونەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە هیچکام لەو دوو لایەنە نایانەوێت بەشێوازێک پاشەکشە بکەن کە وەک دۆڕاو یان کشانەوە لەهەڵوێستەکانیان دەربکەون.
لهوبارهیهوه ئالان ئایر شارەزای کاروباری دیپلۆماسی لەپەیمانگهی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەواشنتۆن، بەکەناڵی حوڕهى وتوه، پێدەچێت هەردولا بیانەوێت خۆیان لەشەڕێکی گشتگیر بەدوربگرن، بەڵام کەسیان نایانەوێت هەنگاوی یەکەم بنێن، ئەو شارەزایە جهختیكردوهتهوه، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان هێشتا لۆژیکیترین بژاردەیە، سەرهڕای دوربونی هێڵە سورەکانی هەردولا لەیەکتر.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژهى بهوهكردوه، گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن هێشتا دەکرێت ئەگەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران بپارێزێت، هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، وڵاتەکەی توانای خۆڕاگریی خۆی سەلماندوەو بڕیارەکانی بهگوێرهى ئەو دۆخە نوێیە دەدات کە بەهۆی گرژییەکانەوە سەپێنراوە، بەڵام بونی زیانی گیانیو مادی، لەگەڵ فراوانبونی هێرشەکان بۆسەر دامەزراوەو ژێرخانەکان، گەیشتن بەڕێککەوتنێکی خێرا قورسدەکات، چونکە متمانەی نێوان هەردولا لەگەڵ هەر پێشێلکارییەکی نوێدا زیاتر پاشەکشەدەکات.
لەکۆتاییدا، هەر ڕێڕەوێکی ڕاستەقینە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پێویستی بەلێکتێگەیشتن دەبێت لەسەر دۆسیەی گەروی هورمز، چونکە ئێستا ئەو گەروە بوەتە چەقی ململانێکانو گرنگترین کارتی گوشار لەدەستی هەردولادا.
