بۆچی ئەمریکا دەیەوێت ئیسرائیل لەشەڕی ئێران دوربخاتەوە؟

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەلئەبیب پەردە لەسەر نەخشە سەربازییە نوێیەکانی واشنتۆن لادەبات؛ سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایدەکەن، سەرجەم پلانەكانى ئۆپەراسیۆنێكى نوێ بۆ وەشاندنی گورزی نوێ‌و گەورەتر دژ بەئێران ئامادەکراون‌و تەنها چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپ دەکەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەشداربونی قووڵی تەلئەبیب لەداڕشتنی پلانە هەواڵگرییەکاندا.


بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبونەوەیەکی ئەمنیی باڵای (کابینەی بچوکراوە)ى سەبارەت بەپەرەسەندنی شەڕو گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا ئه‌نجامدا، سەرچاوە ئەمنییە ئاگادارەکان لەگفتوگۆکانی نێوان تەلئەبیب‌و واشنتۆن ئاشکرایانکردوە، چاوەڕواندەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتودا ئاستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بەئێران زیاتر بەرزبکرێتەوە.

گای عەزڕێل پەیامنێری کاروباری سیاسیی ئاشكرایكردوه‌، سەرجەم پلانە سەربازییه‌كانى تایبه‌ت به‌هێرشکردنەسەر ئێران بەتەواوی ئامادەکراون‌و ئێستاش تەنها چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەن بۆ دیاریکردنی قۆناغەکانی داهاتوو.

سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن لەم قۆناغەدا پێی باشە ئیسرائیل لەدەرەوەی بازنەی هێرشە ڕاستەوخۆکان بهێڵێتەوەو سوپای ئیسرائیلیش بەشێوەیەکی مەیدانی بەشداریی هێرشەکان ناکات، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشییدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر سیناریۆیەک کە وڵاتەکەیان کێش بکاتە ناو شەڕەکەوە، هاوکات ئیسرائیل بەشێوەیەکی قووڵ‌و کارا لەڕێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان‌و پلاندانانی هاوبەشەوە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا بەشدارە.

لەناوخۆی ئیسرائیلیشدا، دامەزراوە ئەمنییەکان ڕەزامەندیی‌و دڵخۆشیی خۆیان بەرامبەر بەم دۆخە نیشاندەدەن؛ ئاماژە بەوەدەکەن، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەلێهاتوییەکی بێوێنەوە ئەرکەکان ڕادەپەڕێنێت بەبێئەوەی پێویست بەبەکارهێنانی سەرچاوەو چەکی سوپای ئیسرائیل بکات.

هه‌روه‌كو سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی وتویه‌تى، "ئابوریی وڵات وەک هەمیشە بەردەوامە، هیچ چەک‌و موشەکێک بەلای ئێمەدا نەتەقێنراوە، هیچ موشەکێکی بەرگریمان بەفیڕۆ نەداوە، لەکاتێکدا ئێران لەولاوە گورزێکی یەکجار کوشندەو گەورە دەخوات".