حاكم قادر حەمەجان و محەمەدی حاجی مەحمود داوای یەكڕیزی دەكەن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەریەكە لەحاكم قادر حەمە جان و محەمەدی حاجی مەحمود  لە كۆبوونەوەیەكدا جەخت لە یەكڕیزیی نیشتمانی و داڕشتنی پاكێجێكی ستراتیژی دەكەنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك، حاكم قادر حەمە جان پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان كردووەو لە كۆبوونەوەیەكدا، دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەستیاریی قۆناغی ئێستا خرانە بەر باس. هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە ئەم قۆناغە پێویستی بە بەرپرسیاریەتیی زیاتر، تێگەیشتنی هاوبەش و یەكڕیزیی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە.

هەروەها دانانی پاكێجێكی ستراتیژیی نیشتمانیی هاوبەش بەپێویست زانرا كە بكرێتە كارنامە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و دووركەوتنەوە لە ململانێی نادروست، چونكە ململانێی توند و نادروست دوورمان دەخاتەوە لە یەكتر و ڕێگر دەبێت لە خزمەتكردنی بەرژەوەندیی گشتی.

ئاماژە بەوەشكرا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانكاری گەورەدایە، بۆیە دەبێت بە هەستێكی نەتەوەیی و بەرپرسیاریی مێژوویی، هەموومان دەست لەناو دەست  بەرگری لە مافە ئینسانی و دەستوری و یاساییەكانمان بكەین و هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە یەكڕیزیی گەلی كوردستان، یەكگوتاریی نەتەوەیی و پتەوكردنی پەیوەندی و هاوكاریی نێوان حزبە كوردستانییەكان، یەكێكە لە گرنگترین پێداویستییەكانی ئەم قۆناغە هەستیارە.