فەڕەنسا هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئێرانی بانگهێشت كرد

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆژی سێشەممە بانگهێشتی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئێرانی كرد، ئەمەش دوای دوو ڕۆژ لە دەستگیركردنی دوو فەرمانبەری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لەتاران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران و ئازاردانیان.

وەزارەتەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "فەرەنسا پێشبینی دەكات دەسەڵاتدارانی ئێران بارودۆخی ئەم ڕووداوە ڕوون بكەنەوە، سزای بەرپرسان بدەن و گەرەنتی ئاسایشی شوێن و كارمەندەكانیان بكەن، بەگوێرەی ئەركە نێودەوڵەتییەكانی خۆی".

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ئەو بابەتەیان لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەكەی وروژاندووە و هۆشداریشیدا لەوەی ڕووداوەكە بێ سزا نابێت.

عێراقچی رایگەیاندووە كە بارۆی ئاگاداركردووەتەوە كە كارە نادروستەكانی دیپلۆماتكارانی فەرەنسی قبووڵ ناكرێت و داوای لە پاریس كردووە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە هاوشێوەكان بكات.

وتیشی، "ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێساكانی وڵاتی میواندار و پابەندبوون بە بنەما و نۆرمە دیپلۆماسییە دانپێدانراوەكان بۆ بەردەوامیی چالاكییەكانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی زۆر گرنگە".

دەشڵێـت: پێشبینی دەكەین حكومەتی فەرەنسا ڕێگری بكات لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە كارانە و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.