شارپرێس:
لیژنەی ئاسایشو بەرگریی لەپهرلهمانى عێراق
مژدەیەکی گەورە دەداتە تەواوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو پەردە لەسەر کۆتاییهاتنی هەموارکردنی
دوەمی یاسای ژمارە 18ی خزمەتو خانەنشینی لادەدات، وهكو پهرلهمانتارێكى كورد دهڵێت،
"ئەم هەموارە نوێیە کە بەیەکێک لەگرنگترین پڕۆژەیاساکانی پەرلەمان دادەنرێت،
گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەسیستمی خانەنشینی، دەرماڵەی داراییو مافەکانی شەهیدانو برینداراندا
دروستدەکات، بەجۆرێک کە تەمەنی خانەنشینی کەمدەکاتەوەو دەرماڵەی خۆراکیش دەخاتەسەر
موچەی بنەڕەتی کارمەندان".
مازن غەریب پهرلهمانتارى عێراقو ئەندامی
لیژنەی ئاسایشو بەرگریی لهپهرلهمان ئاماژه بهوهدهكات، "ڕەشنوسە نوێیەکە
دەرگایەکی گەورە بەڕوی ئەو ئەفسەرو کارمەندانەدا دەکاتەوە کە ئارەزوی خانەنشینی پێشوەختە
دەکەن؛ تەمەنی خانەنشینیش ئارەزومەندانە لە 45 ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ 40 ساڵ، بەو
مەرجەی ماوەی خزمەتی ڕاستەقینەی کارمەندەکە لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت".
بهوتهى ئهو پهرلهمانتاره كورده لهبهغدا،
"لەڕەهەندە داراییەکەشدا، یاساکە بڕیاریداوە بەزیادکردنی دەرماڵەی خۆراکو بژێویو
لکاندنی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر موچەی بنەڕەتیی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی
موچەی هێزەکانی ناوخۆ لەکاتی خزمەتو دوای خانەنشینبونیشدا".
لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنو بەرزکردنەوەی ئاستی
زانستیش وهكو ئەندامهكهى لیژنەی ئاسایشو بەرگریی باسیكردوه، هەموارەکە چەندین
بڕیاری گرنگی تێدایە، بۆ نمونه (دائرة الآمرة یان فەرمانگەی فەرماندەیی یان بەڕێوەبەرایەتیی
میرە) بەتەواوی هەڵدەوەشێتەوەو کارکردن بەڕەوانەکردنی
ئەفسەران بۆ ئەم فەرمانگەیە کۆتایی پێدێت، ههروهها پێشخستنی وەزیفی (قیدەم) بەشێوەی
دوساڵ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆراو یەک ساڵ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر جێگیرکراوه،
مەرجی پۆست-یش بۆ بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران لادەبرێت؛ پلەبەرزکردنەوەکان بهگوێرهى
یاسا یان ڕێنماییەک دەبێت کە وەزیری ناوخۆ پێشنیازی دەکاتو فەرماندەیی گشتیی هێزە
چەکدارەکان پەسەندیی دەکات.
ئهوهشى وتوه، "یاساکە بەچاوێکی پڕ لەڕێزەوە
تەماشای قوربانییەکانی هێزەکانی ناوخۆ دەکاتو بڕگەی توندی بۆ پاراستنی مافەکانیان
داناوە، بۆ نمونه کارمەندانی گرێبەست لەکاتی شەهیدبونیاندا، هاوشێوەی میلاکی هەمیشەیی
مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، پلەی مولازم دەبەخشرێتە هەر کارمەندێک کە شەهید دەبێت یان
توشی پەککەوتنی گشتیی (کەمئەندامیی تەواو) دەبێت، ئەو بریندارانەشی کە ڕێژەی پەککەوتنیان
50٪ یان زیاترە، ڕاستەوخۆ پلەیەکی سەربازیی بەرزتریان پێدەبەخشرێت".
مازن غهریب پێیوایه، "بۆ گشتگیرکردنی
یاساکەو نەهێشتنی جیاکاریی، نازناوی (پیاوی پۆلیس) لەتەواوی بڕگەکانی یاساکەدا سڕاوەتەوەو
گۆڕدراوە بۆ زاراوەی (کارمەند/ المنتسب) بۆ ئەوەی ئەفسەرانو کارمەندان پێکەوە بگرێتەوە،
هاوشان بەپەسەندکردنی نازناوی (فەرمانبەری شارستانی) لەشوێنەکانی خۆیدا".
مازن غەریب جهختى لهسهر ئهوهشكردهوه،
لیژنەکەیان بەفەرمی کارەکانی لەسەر ڕەشنوسی ئەم هەموارە تەواوکردوەو ئامادەیە بۆ ئەوەی
بنێردرێت بۆ دەنگدانو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
