تۆڵەی خوێنی خامنەیی؛ تاران گەروی هورمزی داخست‌و هێزەکانی لەکەنداو خستە ئامادەباشییەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی تەواوی گەروی هورمزی ڕاگه‌یاندو جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، ڕێگریی لە تێپەڕبونی سەرجەم کەشتییەکان ده‌كات، هاوکات فەرماندەی هێزى زه‌مینى پاسداران-یش ده‌ڵێت، "لەناو دورگە ستراتیژییەکانی کەنداوەوە بەڵێنی وەشاندنی گورزی کوشندەو تۆڵەسەندنەوەی خێرای خوێنی عەلی خامنەیی ڕاده‌گه‌یه‌نین".


عەمید محەممەد کەرەمی فەرماندەی هێزى زه‌مینى سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیی بەپەلەی بۆ ناوچە کەناراوییەکان‌و دورگە ستراتیژییەکانی کەنداو ئەنجامداوە، بەمەبەستی پەرەپێدانی توانای بەرگریی لەبەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا.

عەمید کەرەمی جەختیکردەوە، "ئامادەباشیی بەردەوام‌و بونی کارای یەکەکانی سوپای پاسداران، قەڵایەکی پتەوە لەبەرامبەر چاوچنۆکیی دوژمنان لەئاوەکانی کەنداودا".

فەرماندەی هێزى زه‌مینى ئاشکرایکرد، هێزەکانیان بەردەوامن لەڕێکخستنەوەی تواناکانیان بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر مەترسییەک؛ ناوبراو بەتوندی ڕایگەیاند، "گەلی ئێران‌و هێزە چەکدارەکان لەسەر هێڵی تەقینەوەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک‌و لەئاییندەیەکی نزیکیشدا تۆڵەی خوێنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆچکردوی وڵاتەکەو سەرکردە شەهیدەکانی تر دەکرێتەوە".

هاوکات دەریادار شەهرام ئێرانی فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای ئێران ڕایگەیاند، "پێویستە هاوپەیمانیی ئەمریکی-ئیسرائیلی باجی ئەو تاوانانە بدەن کە ئەنجامیانداوە".

لەسەر ئاستی جوڵەی دەریایی، سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵا ڕایگەیاندوه‌، تائەوکاتەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر خاکی ئێران بەردەوامبن، هیچ گۆڕانکارییەک لەدۆخی گەروی هورمزدا ڕونادات‌و هیچ مۆڵەتێک بەچونەژورەوە یان دەرچونی کەشتییەکان نادرێت.

ئەو سەرچاوەیە جەختیکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەتەواوی کۆنتڕۆڵی گەروی هورمزیان لەدەستدایەو هەر بڕیارێک بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە، تەنها به‌گوێره‌ى بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تاران دەبێت.

ئەم پەرەسەندنە ترسناکە دوای ئەوەدێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر ناوچە کەناراوییەکانی باشوری ئێران چڕبونەتەوە، کە تێیدا بەندەرەکان، تاوەرەکانی چاودێریی‌و ژێرخانە زیندوەکان کراونەتە ئامانج، لەبەرامبەریشدا ئێران بەبەئامانجگرتنی بنکەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا وەڵامیداوەتەوەو بازنەی جەنگەکەی بەکراوەیی هێشتوەتەوە.