شارپرێس:
ناوەندە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا هۆشداریدەدەن
لەدروستبونی بەهێزترین ژێرخانی ئەتۆمی لەمێژوی ئێراندا بەناوی (شاخی قوڵینگ) کە
تاران هەستیارترین کارگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی گواستوەتەوە بۆ قووڵایی ئەو شاخە،
بەو هۆیەوە، واشنتۆنو تەلئەبیب کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ بەکارهێنانی زەبەلاحترین
بۆمبەکان بەمەبەستی تێکشکاندنی ئەم قەڵا ئەتۆمییە پێش گەیشتن بەخاڵی نەگەڕانەوە.
شاخی قوڵینگ چییەو بۆچی تاران هەڵیبژارد؟
پاشئەوەی بنکەو کارگە ڕوکەشەکانی کۆمەڵگەی ئەتۆمیی
"نەتەنز" لەساڵانی ڕابردودا چەندینجار ڕوبەڕووی هێرشی ئاسمانی، ئەلیکترۆنیو
ڤایرۆسی کۆمپیوتەرییو تێکدانی هەواڵگریی بونەوە، ئێران ستراتیژیی خۆی گۆڕیی، لەساڵی
2020وه تاران دەستیکردوه بەلێدانی تونێلی قوڵ لەناوجەرگەی "شاخی قوڵینگ"
کە چیا بەردینەکانی نزیک نەتەنز پێکدەهێنێت.
تایبەتمەندییە شاخى قوڵینگ، ئەم قەڵا ئەتۆمییە
زیاتر لە 100 مەتر (300 پێ) لەژێر بەردە ڕەقەکانی گرانیتی شاخەکەدا ههڵکەندراوە،
ئەمەش وایکردوە لەژێر زەویدابێتو زۆر تۆكمهش بێت، ئێران بەتەواوی ڕێگریی کردوە لەپشکنەرانی
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)
بۆ چونە ناو ئەم شوێنە، ئەمەش گومانی دروستکردنی کەرەستەی سەربازیی لای ئەمریکا زیاترکردوە،
ههروهها بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان، هەزاران ئامێری سەنتەرفیوجی پێشکەوتوو لەجۆری (IR-6) لەناو ئەم شاخەدا جێگیرکراون بۆ خێراکردنی
پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم.
بۆچی هێرشکردنەسەری پێویستی بەبۆمبی زەبەلاحو
جیاواز هەیە؟
هۆکاری ئەوەی ئیسرائیلو ئەمریکا باس لەبەکارهێنانی
بۆمبی یەکجار کاریگەرو گەورە دەکەن لەم شوێنەدا، بۆ ئەندازیاریی پاراستنی شاخەکە دەگەڕێتەوە،
بۆمبە ئاساییەکانو موشەکە تاکتیکییەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بنکەیەکی وا قوڵنابێت
کە لەژێر دەیان مەتر گرانیتدا بێت.
بۆیە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە پێویستی بەم
کەرەستانەیە، بۆمبی سەنگەرشکێنی زەبەلاح (GBU-57)
کە کێشەکەی دەگاتە 30 هەزار پاوەند (نزیکەی 14 تۆن چەکی قورس)، ئەمە گەورەترین بۆمبی
نا ئهتۆمی ئەمریکایە کە دەتوانێت پێش تەقینەوەی، دەیان مەتر بەردی ڕەقو کۆنکرێت
ببڕێتو پاشان لەقووڵاییدا بتەقێتەوە، هاوکاریی فڕۆکە جەنگییە قورسەکان، بەکارهێنانی
ئەمجۆرە بۆمبانەش پێویستی بەفڕۆکەی زەبەلاحی وەک (B-2 Stealth Bomber) هەیە کە بتوانێت بەبێدەنگی بچێتە قووڵایی
ئاسمانی ئێرانەوە.
لەئەگەری هێرشێکی لەمشێوەیەدا چی ڕودەدات؟
شارەزایانی سەربازیی هاوڕان لەسەرئەوەی، لێدانی
"شاخی قوڵینگ" تەنها ئۆپەراسیۆنێکی کاتیی نابێت، بەڵکو دەبێتە سەرەتای گۆڕانی
هاوسەنگییەکانو تەقینەوەی ناوچەکە کە دەرئەنجامەکانی بەمشێوەیە دەبن، تاران ڕاستەوخۆ
بەهەزاران موشەکی بالیستیو درۆن وەڵامی بنکەکانی ئەمریکا لەکەنداوی عەرەبیو ناوجەرگەی
ئیسرائیل دەداتەوە، ئەگەریش بۆمبەکان بگەنە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەژێر شاخەکەدا،
مەترسیی دزەکردنی تیشکی کوشندە بۆ پارێزگاکانی ئەسفەهانو ناوچەکانی دەوروبەری
دروستدەبێت، هاوكات ئێران وەک کاردانەوەی یەکەم، هەوڵی پەکخستنی تەواوەتیی هێڵەکانی
دەریاوانی لەگەروی هورمز دەدات، ئەمەش نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بۆ ئاستێکی
پێوانەیی بەرزدەکاتەوەو ئابوریی نێودەوڵەتی توشی شۆک دەکات.
شاخی قوڵینگ لەئێستادا وەک "هێڵی سوری"
پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران سەیر دەکرێت، ئامادەکارییەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی
قورسترین چەکی سەنگەرشکێن، نیشانیدەدات کە جیهان تەنها لەبەردەم ململانێیەکی دیپلۆماسیدا
نییە، بەڵکو حساباتی سەربازیی بۆ ڕێگریکردن لەگەیشتنی ئێران بەخاڵی نەگەڕانەوە،
ناوچەکەی خستوەتەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورە.
