شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژەی برسییەتی لەسەرانسەری جیهاندا بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک لە ساڵی 2025دا دابەزینی بەخۆیەوە دیوە.
ئەم پێشکەوتنە لە ئەنجامی باشتربوونی بارودۆخی سنووردارکردنی برسیەتی لە هەموو کیشوەرەکاندا هاتووەتە ئاراوە، بهڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدرێت لەوەی مەترسییە ڕوو لە زیادبووەکانی وەک کەشوهەوا و تێکچوونی جووڵەی بازرگانیی هەڕەشە لە بەردەوامی ئەم پێشکەوتنانە دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی راپۆرتەکانی ئاسایشی خۆراک و خۆراکپێدان لە جیهاندا، ننزیکەی 645 ملیۆن کەس کە دەکاتە 7.8%ی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا بەدەست برسیەتییەوە ناڵاندوویانە، ئەمەش بەراورد بە 8.1% لە ساڵی 2024 و 8.6% لە ساڵی 2022دا کەمبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بەشێکی زۆری ئەم بەرەوپێشچوونە دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی دۆخەکە لە کیشوەری ئاسیا بە تایبەتیی لە هیندستان، جگه لە ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی.
هەروەها ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقاش دەستیان کردووە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەو دابەزینەی کە ساڵانێک بوو بەردەوام بوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش کیشوەری ئەفریقا لە ساڵی 2025دا زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانەی تێدابووە کە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەیانناڵاند، کە ژمارەیان گەیشتە 309 ملیۆن کەس، واتا 1 لە کۆی 5 هاووڵاتی ئەفریقی.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکەن دابەزینی ڕێژەی برسیەتی لە جیهاندا تا ساڵی 2030 بەردەوام بێت.
ماکسیمو تورێرۆ گەورە ئابووریناسی ڕێکخراوی فاو ئاماژەی بەوە کردووە کە جیاوازی سەرەکیی لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا ئەوەیە کە ڕێژەی برسیەتی لەم ساڵەدا لە هەموو کیشوەرەکاندا زیادی نەکردووە، بەڵام نالەبارییە جیۆپۆلیتیکییەکان و شڵەژانی کەشوهەوا هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر سیستەمی خۆراکی جیهانی.