شارپرێس:
ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی
ترەمپ لەبارەی بەئامانجگرتنی پرد و وێستەگەکانی کارەبا دەداتەوەو دەڵێت، کاتی
چۆڵکردنی کوەیت، قەتەڕ، سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و عومانیش هاتوە.
محەمەد مارەندی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ
ئەمریکا لەتویتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" زیادبونی گرژییەکان لێکەوتە و
کاریگەری لەسەر وڵاتانی کەنداو دەبێت و ئەگەر ئەمریکا پرد و دامەزراوەکانی وزە
بکاتەئامانج، دەبێت وڵاتانی کەنداویش چۆڵ بکرێت".
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی نزیک لەسوپای پاسداران
لەزاری شەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە،" ئێران ئیرادەیەکی پۆڵایینی
هەیە بۆ پاراستنی سەروەری خۆی لەگەروی هورمز، بەهیچ جۆرێکیش رێگە نادەین جارێکی تر
گەروی هورمز ببێتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئێران ".
ئەوەشیخستەڕوو، ئەگەر ئەمریکییەکان پرد و وێستگەکانی کارەبا
لەئێران بکەنە ئامانج، لەبەرامبەردا ئێرانیش پرد و دامەزراوەکانی ناوچەکە بۆردومان
دەکات، بەتایبەتیش ئەو دامەزراوانەی کەرتی وزە کە ئەمریکا بەرژەوەندییان تێیدا
هەیە ".