شارپرێس:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئەمریکاوە، چەندین کەس لەدەروازەی سنوریی (شەلەمچە) لەدیوی خاکی ئێران، کوژرانو برینداربون، ئەم هێرشانە لەچوارچێوەی شەپۆلی 12یەمی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکادایه بۆسەر چەند ئامانجێک لەناوخۆی ئێراندا.
میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیانکردەوە، بەهۆی هێرشێکی چڕیى موشەکیی ئەمریکاوە بۆسەر دەوروبەری هۆڵی گەشتیاران لەدەروازەی (شەلەمچە کە پارێزگای خوزستان بەعێراقەوە دەبەستێتەوە، دوو کەس کوژراونو 11 کەسی دیکەش برینداربون".
دەروازەی سنوریی نێودەوڵەتیی شەلەمچە دەکەوێتە دورترین خاڵی باشووری ڕۆژئاوای ئێران لەپارێزگای خوزستان (نزیک شاری خوڕەمشار)، کە لەدیوی عێراقیشەوە هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای بەسرە (نزیکەی 15 کیلۆمەتر لەناوەندی شارەکەوە دورە)، ئەم ناوچەیە بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە یەکێکە لەگرنگترین پانتاییە ئابوریی، گەشتیارییو سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات؛ چونکە ڕێڕەوێکی سەرەکی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کەرەستەو شتومەکەو ساڵانە ملیۆنان زیارەتکارو گەشتیاری ئایینی تێیدا هاتوچۆ دەکەن.
لەڕوی مێژوییشەوە، شەلەمچە ناوبانگێکی گەورەی سەربازیی هەیە، بەوپێیەی لەکاتی شەڕی هەشت ساڵەی عێراقو ئێراندا (1980 ـ 1988) یەکێکبوە لەسەرەکیترینو خوێناویترین بەرەکانی شەڕو گۆڕەپانی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە بوە، لەئێستاشدا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە، بوەتە بەشێک لەلیستی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.
هاوکات لەپارێزگای کرماشان لهڕۆژههڵاتى كوردستان-یش، هێرشێکی ئاسمانیی دیكهى ئەمریکا بوە هۆی دوو تەقینەوەی بەهێز لەدەوروبەری شاری (ئیسلام ئابادی غەرب)، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن بازنەی هێرشەکانی فراوانترکردوە بۆ ئەوەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێرانیش بگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوبەرایەتیی بەندەرەکانو دەریاوانیی هورموزگان ڕایگەیاند، هەردوو کەشتیی گەڕانو فریاگوزاریی دەریایی بەناوەکانی (ناجی 15و ناجی 16) لەناو ئاوەکانی کەنداودا ڕوبەڕوی هێرشی ڕاستەوخۆ بونەتەوە، کە بەهۆیەوە چەندین کارمەند بهسهختى برینداربونو زیانێکی زۆریش بەتوانای فریاگوزاریی دەریایی وڵاتەکە گەیشتوە.
ئەم زنجیرە هێرشە نوێیە دوای هۆشدارییە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ لێدانی ژێرخانو بەندەرەکانی ئێران، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی تاران بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروی هورمزو دەوروبەریدا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، گەڕێکی دیكهى هێرشەکانی بۆسەر ئێران بەسەرکەوتویی کۆتایی پێهێناوە، کە تێیدا چەندین پێگەی سەربازیی، توانای دەریاییو کۆگای هەڵگرتنی موشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان کردوەتە ئامانج.
