یه‌كگرتوى ئیسلامى پڕۆژه‌یه‌ك له‌باره‌ى به‌نزینى 450 دیناریه‌وه‌ ده‌داته‌ به‌غدا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان پڕۆژەیەکی هەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکات، ئەندامێکی فراکسیۆنی ئەو حزبەش لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوت ئامادەیی نیشانداوەو بۆ ڕەزامەندیی کۆتاییش دەچنە لای سەرۆک وەزیران.


جەمال کۆچەر ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "یەکگرتوو پڕۆژەیەکی هەیە بۆ ئەوەی بەنزینی 450 دیناری لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت".

سەبارەت بەوردەکاریی پڕۆژەکە، جەمال کۆچەر وتی، "پڕۆژەکە بەو شێوەیەیە کە حکومەتی عێراق خۆی بەنزینەکە ڕەوانە بکات‌و لەڕێگەی چەند بەنزینخانەیەکی دیاریکراوەوە بەسەر شۆفێرانی تاکسی‌و پاسداو خەڵکی شایستە دابەشبکرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو وتوشیه‌تى، "ئەم بڕە بەنزینە هیچ پەیوەندییەکی بەحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییەو بەدەرە لەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتەی کە هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستیی نێوخۆ بەکاریدەهێنێت".

لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، جەمال کۆچەر وتی، "لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق قسەمانکردوەو ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە، بەڵام کارەکە پێویستی بەڕەزامەندیی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیەو بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عەلی فالح زەیدی بکەین".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دوێنێ چوارشەممە بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی حكومه‌تى هه‌رێم نرخی بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار جێگیرکرد، بەنزینی کوالێتی موحەسەن-یش لەبەنزینخانەکان نابێت لە 1000 دینارو بەنزینی کوالێتی سوپەریش لە 1200 دینار زیاتربێت.