بەشێک لە دەستەی دامەزرێنەری حزبەکەی عەلی حەمە ساڵح لە کارکردنی راستەوخۆ دەکشێنەوە

کوردستان

19/03/2024‌ 6648 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كۆنگرەی دامەزراندنی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی وەك ڕەوتێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، شارپرێس زانیویەتی بەشێك لە دامەزرێنەرانی ڕەوتەكە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردنی حزبەكە لە كاركردنی ڕاستەوخۆ كشاونەتەوەو ڕایانگەیاندووە كاری ئەوان تا ئێرەبووەو ئیدی ناتوانن بە شێوەیەكی مەیدانی كاری سیاسی لەناو ڕەوتەكە بكەن و وەك پشتیوان و پاڵپشتی كارەكانی ڕەوتەكە دەمێننەوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی تایبەت دەست شارپرێس كەوتووە بەشێكی زۆر لە دەستەی دامەزرێنەری ڕەوتی هەڵوێستی نیستمانی كە ئەمڕۆ بە فەرمی دامەزرا، لە كاركردن كشاونەتەوە.

زانیاریەكانی شارپرێس باس لەوە دەكەن كە هەریەكە لە د.بەهار مەحمود و مەسعود عەبدولخالق و دكتۆر سەهل و  د.كاروان حەمەساڵح و مامۆستا سەلیم كۆیی و بەشێك لە هەڵسوڕاوانی ڕەوتەكە بەشداریی كۆنگرەكەی ئەمڕۆیان نەكردووە و ئامادە نەبوون لە مەراسیمی بە فەرمی ناساندنی ڕەوتەكەدا.

 زانیارییەكانی شارپرێس باس لەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی وەك دەستەی دامەزرێنەر ناویان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركراوە لە دوای بڕیاری كۆمسیۆن بۆ مۆڵەتپێدانی ڕەوتەكە لە كاركردن كشاونەتەوە و بە هاوڕێكانیان وتوە "كاری ئێمە تا ئێرە بووە و ئیدی ئێمە وەك پشتیوانی ئێوە دەمێنینەوە نەك كاركردنی راستەوخۆ".

ئەگەر چی باس لە نیگەرانی و بوونی كێشە لە نێوان دەستەی دامەزرێنەری ڕەوتەكە دەكرێت لەسەر بەشێك لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە، بەڵام شارپرێس پەیوەندی بە دوان لەو كەسانەوە كرد كە كشاونەتەوە و ئەوان وتیان هۆكاری كشانەوەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە ئامانجی كاری گەورەتر و دروستكردنی بەرەی فراوانترمان هەیە و پشتیوانی ئەو ڕەوتە دەبین كە دامەزراوە بەڵام ناتوانین ڕاستەوخۆ كاری تێدا بكەین.

هەر یەكە لە مەسعود عەبدولخالق و ڕەعد ڕەفعەت دكتۆر سەهل و مامۆستا سەلیم كۆیی لەكاتی بەڕێوەچونی كۆنگرەكەدا لە سلێمانی بوون و خۆیان نەچونەتە هۆڵی كۆبونەوەكە، بەڵام بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی كۆمسیۆن داوایان لە هاوڕێكانیان كردووە بچنە كۆنگرەكەوە و پشتیوانی كارەكانی ڕەوتەكە بكەن.

كاروان حەمە ساڵح یەكێكی تر لە كەسایەتییە دیارەكانی ڕەوتەكەو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و یەكێك لە ناوە دیاركانی ڕەوتەكە كە وەك كاندیدی هەڵبژاردنیش ناوی دەهێنرا، دوای تەواوبوونی كارەكانی كۆنگرەكەیان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە پۆستێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە وەك پشتیوانییەك بۆ هاوڕێكانیان و وەك ڕێكارێكی كۆمسیۆن ناویان لە دەستەی دامەزرێنەر هەبووە هاوكار بوون بۆ دامەزراندنی ڕەوتەكە و لەمەو دواش وەك پشتیوانی ڕەتەكە دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە پۆستەكەیدا پیرۆزبایی لە هاوڕێكانی كردووە بۆ دامەزراندنی حزبەكەیان و بەم پێیەش بێت ناوبراو خۆی لەدەرەوەی ڕەوتەكە دەبینێتەوە و ئامادە نییە كاری ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕەوتەكە بكات و وەك خۆی نوسیویەتی " هیوای سەركەوتیانی بۆ دەخوازێت".

لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكان وەك ئامادەكاری بۆ كۆنگرەكەی ئەمڕۆ ژمارەیەك كۆبوونەوەی چڕ بەڕێوەچوون، بە پێی زانیارییەكانی شارپرێس لەبەشێك لە كۆبونەوەكاندا گفتوگۆی توند لە نێوان دەستەی دامەزرێنەر و هەڵسوڕاوانی ڕەوتەكەدا هەبووە بە تایبەت لە بارەی پەیڕەوی ناوخۆ و ناوی حزبەكەو دابەشكردنی كارەكان لە نێوان لیژنە كاتییەكان.