شارپرێس
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی
خەلیفان دەستگیرکردنى شەش تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەى فرۆشتنى
سیمکارتەوە وێنەى پێناسی هاوڵاتییانیان کۆپی کردووە و هەژمارى بانکیان بەناوەوە
دروست کردوون و پارەیەکى زۆریان بە هەژمارەکان ئاڵوگۆڕ کردووە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی
ئاسایشی خەلیفان بڵاویکردەوە، شەشە تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە لە ڕێگەی بەخشینی
سیمکارتی یەکێک لە کۆمپانیاکانى پەیوەندیکردن و پێدانی بڕی 20 هەزار دینار بە هەر
کەسێکی وەرگری سیمکارتەکە، د=هەڵساون بە وێنەگرتنی کارتی نیشتیمانی و وێنەی کەسی
هاوڵاتییان.
ئاماژە بەوەشکراوە ، لەو
رێگەیەوە هەژماری بانکی نهێنییان دروستکردووە، بەو هۆیەوە پارەیەکی زۆریان خستۆتە
سەر ئەم هەژمارە بانکییانە و بەرەو دەرەوەی
وڵاتیان بردووە، بە مەبەستی کڕینی دۆڵار بە نرخێکی کەمتر لە عێراق و دواتر هێنانەوە
بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر.
ئاسایشی خەلیفان
ڕایگەیاندووە، تۆمەتبارەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوەو ڕەوانەی دادگا
کراون و داوا لە هاوڵاتییان دەکات، هۆشیاربن بەرامبەر ئەم جۆرە فێلانە، چونکە لەوانەیە
پێدانی کارتی نیشتیمانی و وێنەی خۆیان بۆ چەندین کاری مەترسیدارتر بەکاربهێنرێت و
ئەگەری هەیە لە داهاتوودا زیانێکی زۆر لەو خاوەن هەژمارە بانکیانە بدات و باج و
رسوماتی بانکی بکەوێتە سەر.