هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ تورکیا: لە جیاتی کوشتنی گەنجانی سلێمانی دەست بە ئاشتی بکەن

کوردستان

22/03/2024‌ 554 جار خوێندراوه‌ته‌وه



هاوسەرۆکی پارتی دەم داوا لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان دەکات لە جیاتی کوشتنی گەنجانی هەرێمی کورستان، دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکەن.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) لە وتارێکدا لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد، پەیامێکی ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا کرد و گوتی، لەجیاتی جەنگ و ئۆپراسیۆنی گەورە، لەجیاتی کوشتنی خەڵکی مەدەنیی سلێمانی و دهۆک، دەست بە دانوستان و ئاشتی بکەن.

گوتیشی، هەمووان دەزانن خەمی دەسەڵاتی تورکیا، کورد و ستەمێلکراوان نییە، بەڵکو جەنگ و مردنە.

هاوسەرۆکی پارتى دەم بانگەوازێکی شەش بڕگەیی بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند و داوای لە دەسەڵات، دەوڵەت، ئۆپۆزسیۆن، هێزە چەپەکان و سەرجەم گەلی کورد کرد، پێکەوە کار بۆ دیموکراسیی و ئاشتی بکەن و رێگە بە سەرهەڵدانی جەنگ نەدەن.