مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى بۆ یەکێتى: ماندووبووین بەدەست یاریکردن و هەڵوێستی خۆڵەمێشییانەتان

کوردستان

25/03/2024‌ 593 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕایدەگەیەنن، ئەگەر لەگەڵ بەیاننامە و وتار و قسەی ناو دیدارەکانتان ڕاستگۆن، فەرموون بڕیاری بە نیشتمانیکردنی مووچەش بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و بە یەکێتی دەڵێن: ماندووبووین بەدەست یاریکردن و هەڵوێستی خۆڵەمێشییانەتان.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ هەمووان پێکەوە لە دەباشانی ناوەندی بڕیاری ئەم سنوورە کۆبووینەتەوە؛ تا پڕ بەگەروومان و بە ڕوون و ڕاشکاویی بە لووتکەی دەسەڵات بڵێین: ئەگەر لەگەڵ بەیاننامە و وتار و قسەی ناو دیدارەکانتان ڕاستگۆن! وەک  چۆن بەوپەڕی شادومانییەوە باوەشتان بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵیی کردەوە لە هەمبەر (هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان و دابەشکردنی هەرێم بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن)؛ فەرموون بڕیاری بە نیشتمانیکردنی مووچەش بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە؛ کە لەلایەن هەمان دادگاوە لە هەمان ڕۆژدا دەرچوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە هاتووین تا پێتان بڵێین؛ تا ئێرە و بەس، ماندووبووین بەدەست یاریکردن و هەڵوێستی خۆڵەمێشییانەتان، هاتووین و دەڵێین: تووڕە و بێزارین لە بەبارمتەکردنی مووچە و قووتی خۆمان و ماڵ و منداڵمان.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە یەکێتى دەڵێن:ئەگەر دەتانەوێت میللەت بۆ یەکجاریش بێت بڕوابەوەکات، کە ئێوە و پارتی دووڕووی یەک دراونین و حیزبێک نین لەگەڵ گورگ گۆشت بخۆن و لەگەڵ مەڕ شین بکەن؛ فەرموون قۆڵی مەردایەتی لێهەڵماڵن و هەر ئەمڕۆ بەفەرمیی کارەکانی تایبەت بە  "هەژماری من"ی سەپێنراو لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆتاندا ڕابگرن و هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بکەن، تا بەزوویی وەک مووچەخۆرانی عێراق، لە ڕێی کی کاردەوە مووچەکانمان وەربگرین.

"ئێوەی دەسەڵاتداری ئەم سنوورە، کە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدان، دوو بژاردەتان لەبەردەمە، یان ئەوەتا لەپێناو درێژەدان بە شەریکایەتیتان لەگەڵ پارتی و ڕاگرتنی دڵیان، پشت لە مووچەبەبارمتەگیراوانی ئێره دەکەن و دواتر بەر لە هەرکەس و لایەنێک خۆتان بەسەختی باجەکەی دەدەن".

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی داوادەکەن، بەر لە هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، هەریەک لە مووچەکانی مانگی دوو و سێ دابەش بکەن، لەوە زیاتر خەڵک و مووچەخۆران برسینەکەن و نەیانچەوسێننەوە، وەک چۆن 10 ساڵە هاوبەشێکی سەرەکیی پارتین لە سیاسەتی برسیکردندا و دەشڵێن: ئەگەرنا دڵنیاتان دەکەینەوە، سزای گەورەی خودا و شۆڕشی برسییەکان بەرۆکتان دەگرێت، مێژووی دەسەڵاتە تاڵانکارەکانمان لە پێشچاوە، کە چۆن بوون و چییان لێ بەسەرهات.