ڕازیبونى پارتى به‌پێشنیازێكى توركیا له‌ڕێگه‌ى توركمانه‌كانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

27/03/2024‌ 5520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی دیموكراتى كوردستان بەپێشنیازێکی توركیا له‌ڕێگه‌ى تورکمانەکانه‌وه‌ تایبه‌ت دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک ڕازیبوەو سەرۆکی بەرەی تورکمانیش ده‌ڵێت:"پارتی بەپێشنیازی تورکمانەکان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکە ڕازیبوە، بەمەرجێک پێکهاتەی عەرەبیش بەپێشنیازەکە ڕازی بێت".


حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەژمارەیەک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت:"وه‌فدێكى پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی محەمەد کەمال بەرپرسی لقی پارتی لەکەرکوک سەردانیان کردین‌و گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێك کرد".

ده‌شڵێت:"سوپاسی هەڵوێستی پارتیمان کردوە بەوەی ڕازیبون  پۆستی پارێزگار لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکە (کورد، عەرەب‌و تورکمان) بەشێوەی خولیی ئاڵوگۆڕ بکرێت، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە کە ئەوان کاری بەیەکەوەیی دەکەن لەپێناو بەرژه‌وەندیی هەموو پێکهاتەکان".

تۆران ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرەی تورکمانیی لەگەڵ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکەیە بەشێوەی لەسەدا 32 لەنێوان پێکاتەکان، بۆئەوەش پڕۆژەی ئیدارەیەکی هاوبەشیان بۆ پارێزگای کەرکوک پێشکەشکردوە کە گونجاوترین چارەسەرە بۆئەوەی پۆستە سەرەکییەکان لەنێوان سێ پێکهاتەکەدا ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى پارتیش له‌كاتێكدایه‌، یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان وه‌كو براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، ئه‌و پێشنیازه‌ى ڕه‌تكردۆته‌وه‌و پێشتریش سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ئاشكرایانكرد، هاكان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا وتویه‌تى، پێشنیازى ئاڵوگۆڕى پۆسته‌كانى كه‌ركوك به‌شێوه‌ى خولیى ئه‌وان بۆ توركمان‌و له‌ڕێگه‌ى ئه‌وانیشه‌وه‌ بۆ كوردو عه‌ره‌بیشیان ڕه‌وانه‌كردوه‌.