هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران.. ڕوو سپیکردنەوە یان سەرەتای جەنگێکی فراوانتر

جیهان

20/04/2024‌ 280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کاردانەوەکانی لێدانەکانی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران هێشتا بەردەوامن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسێکی نێودەوڵەتی هەیە کە مەودای شەڕەکە فراوانتر بێت و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. ئێران بەڵێنی "وەڵامدانەوەی بەرفراوان و توند"ی دابوو بۆ "تەنانەت بچوکترین هێرشی دووبارە" لەلایەن ئیسرائیلەوە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی " تایمز "ی بەریتانی، چەند خولەکێک دوای بیستنی تەقینەوەکان لە شاری ئیسفەهان، ئەو شارەی کە ناوەندێکی سەربازیی گەورە لەخۆدەگرێت، میدیا فەرمییەکانی ئێران بەخێرایی گرنگی تەقینەوەکانیان کەمکردەوە هێرشی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک وەسفیانکرد، و بەرپرسێکیش وتی کە هیچ پلانێک نیە بۆ تۆڵەسەندنەوە.

راپۆرتەکە دەڵێت؛ ڕوون نییە کە ئایا ئەمە تۆڵەسەندنەوەی تەواوەتیی ئیسرائیلە بەرانبەر بەو هێرشە ڕاستەوخۆیەی ئێران کە شەممەی ڕابردوو کردییە سەر ئیسرائیل، یان تەنها سەرەتای تۆڵەسەندنەوەیە.

بەڵام ئەگەر مەسەلەکە لێرەدا کۆتایی پێبێت، ئەوە دیارە ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی رزگارکردووە، کە داوای وازهێنانیان لە کردەی تۆڵەکردنەوە لە ئێران دەکرد، بەوپێیەی وەک بەڵێنی دابوو هێرشی تۆڵەکردنەوەی ئەنجامدا، بەڵام بە قەبارەیەکی هێندە بچووک کە ئێران دەتوانێت وا خۆی نیشان بدات کە هەر هیچ ڕووی نەداوە.

هێرشی زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەکی کروز و مووشەکی بالیستیکی کە ئێران شەممەی ڕابردوو دژ بە ئیسرائیل بەکاریهێنا هێنا، لەلایەن تارانەوە بە “ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینە” ناوی لێنرا، هاوکات ئیسرائیلییەکان بەرگری سەرکەوتووی خۆیان لە دژی هێرشەکە بە “ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی ئاسن” ناوبرد.

ئیسرائیل دوایین ئۆپەراسیۆنی  دژ بە ئێران لەئەستۆ نەگرت، بەڵام ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی توندڕەو، لە پەیامێکی کورتدا لە ماڵپەڕی “X”دا  هێرشەکەی  “نائومێدکەر” وەسف کرد.

سەرەڕای بەڵێنە ئاشکراکانی وەزیرانی جەنگ، گومانی ئەوە هەبوو کە ئیسرائیل بیر لە تۆڵەسەندنەوەی فراوان لە ئێران بکاتەوە، بەشێوەیەک یەکێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی کە ناوی نەهێنراوە دەڵێت، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل چەند ڕۆژێکی بەسەر بردووە لە بیرکردنەوە لەوەی کە ئایا دەبێت بە شێوەیەکی هاوشێوە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە یان نا.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، هێزی سەربازیی ئیسرائیل ئەوەندە بەهێزە کە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت شارەکانی ئێران لەگەڵ زەویی تەخت بکات.

بەڵام وەک ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا لەبارەی ئەگەری تۆڵەکردنەوە لە ئێران ئامۆژگاری بەرپرسانی ئیسرائیلی کرد بەوەی“دەبێت هێز و حیکمەت دیوی جیاوازی یەک دراو بن”.

لە کاتێکدا ڕەنگە کەسانی توندڕەوی وەک بن گڤیر لە تەقینەوەکانی ڕۆژی هەینی لە ئیسفەهان بێ هیوا بن، بەڵام واشنتۆن‌و لەندەن هەست بە ئاسوودەیی دەکەن ئەگەر بزانن راددەی تۆڵەکردنەوەکە هەر ئەوەندەیە.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هیوادارن مەترسیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کەم ببێتەوە و ڕەنگە بەمەش ناتانیاهۆ کەمێک نایزپاکی لای ئەمریکا پیشاندا بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەرنجی لەسەر بەرەی سەرەکی خۆی بێت کە هێرشکردنە سەر حەماسە لە غەززە.