هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئاشتی بەکردار دێتەدی نەک قسەو گوفتار

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2987 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شاپرێس:

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند"جیهانێکی نوێ بنیات دەنرێت. ئەوانەی لەم جیهانە نوێیە تێ نەگەن، ڕووبەڕووی شکست و زیان دەبنەوە. تۆپ و تفەنگ و تەلی سەرسنوور، ئاسایش مسۆگەر ناکەن. ئاشتی ڕەنجە، ڕێگرییە لە کوشتنی ژنان. ئاشتی تێکۆشانە. ئێمە هاریکاری بەڕێز ئۆجالان دەبین لە هەڵگرتنی باری بەرپرسیارێتی بەدیهێنانی ئاشتی".

ئەمڕۆ دووشەممە تونجەر باکرهان لەڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ڕۆژی ئاشتییەوە لە ڕحا ڕونیکردەوە، کۆبوونەوەی گەل لە ڕحا پەیامێکە بۆ دەسەڵات کە دەبێت زمان و ئیرادەی گەلی کورد قبووڵ بکەن  و ئاشتی بە کردار دێتەدی نەوەک بە قسە و گوفتار.

هەروەها تونجەر باکرهان دەڵێت "پێویستە ڕێگە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بکرێتەوە. بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجالان مۆدێلێکی ژیانی یەکگرتوو پێشنیاردەکەن. پێویستە کۆمیسیۆن  گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت و لەگەڵیدا کۆببێتەوە. دەبێت کۆمیسیۆن هەنگاو بەرەو ئاشتی بنێت".

ڕاشیگەیاند "ئیتر ناتوانن بەڕێز ئۆجالان لە ژوورێکی ١٢ مەترییدا زیندانی بکەن. پێویستە بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ گەلەکەی کۆببێتەوە. دەبێت ببینە لایەنی چارەسەری ئەم پرسە. پێویستە 'مافی هیوا'ـی بەڕێز ئۆجالان قبووڵ بکرێت. ئاشتی بە تێکۆشان دێتەدی. پرۆسەکە ڕێگە بە وەستان نادات. پێویستە ئەو تێکۆشانەی ٤٠ ساڵە ئەنجامی دەدەین، مەزنتری بکەین؛ تاوەکو ئاشتی بگاتە ئەم خاکە".
ئ.ه