ئەو ڕۆژەی تاڵەبانی بەنیازبوو بیکاتە جەژنی ڕووخانی سەدام
ڕەنگە هیچ ساڵیادێک وەك 31ی ئاب لە مێژووی کورد ڕەواجی میدیایی نەبێت، بە چەند مانگ پێش یادەکە میدیای پارتی و یەکێتی خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن، یەکەمیان بە دەستکەوتی دەزانێت، دووەمیشیان بە خیانەت، هەردوو حزبەکەش جگە لە لێدانەوەی قەوانێکی سواو ناتوانن ئەو ڕووداوە تێپەڕێنن...
ئەمڕۆ 29 ساڵی تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر رووداوی 31ی ئابی ساڵی 1996، ئەو رۆژەی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوكارییو پشتیوانی سوپای رژێمی بەعس هەولێری پایتەختو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی گرتەوە دەست.
31ی ئاب بەلای بەشێک خەڵكی كوردستانەوە وەك "خیانەت" ناودەهێنرێت، بەو پێیەی لەرێیەوە هێزێكی كوردی دەست لەگەڵ رژێمەكەی بەعس تێكەڵدەكات كە سەرسەختترین دوژمنی كورد بوو، تا باڵانسی شەڕی ناوخۆ بەبەرژەوەندی خۆی كۆتایی بهێنێت.
بەلای تەواوی ئەندام و لایەنگرانی پارتیشەوە ئەو رۆژە وەك "رۆژی شانازی" ناودەهێننو پێیانوایە كاردانەوەیەكی ئاسایی پارتی بووە لەبەرامبەر هاوكاریكردنی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەكێتیو پەلاماردانی چەند جارەی هێزەكانی پارتی.
پێش 31ی ئاب چی روویدا؟
رۆژی 22ی تەموزی 1996، واتە تەنیا یەك هەفتە پێش پەلاماردانی هەولێر، مەسعود بارزانی داوای كۆمەكی سەربازیی لەرژێمی بەعس دەكات، هەرچەند بەشێكی زۆر لەسەركردەكانی یەكێتی بڕوایان بەو گێڕانەوەیە نییەو پێیانوایە قەبارەی هێرشەكە دەریدەخات كە پەلامارێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو بووەو چەند مانگێك لەوەوبەر كاری لەسەر كراوە.
شەوی 31ی ئابی ساڵی 1996 لەچەند لایەكەوە هێزەكانی گاردی كۆماریی رژێمی بەعس تۆپبارانی دەوروبەری هەولێرو ناوچەی قوشتەپە دەكەن، ئەمەش دەبێتە سەرەتای هێرشێكی فراوانی پارتیو بەعس بۆ سەر هەولێر.
ئەو هێزەی سوپای بەعس كە بەشداری لەپەلامارەكەدا دەكات یەكێكە لەراهێنراوترینو ئامادەترین بەشەكانی سوپای عێراقی كە پێشكەوتووترین چەكەكانی ئەو دەمەیان لەدەستدا بووە.
بەپێی زانیارییە سەربازییەكانی یەكێتی، كە بەشێكیان لەساڵی 2000 لەدەزگا راگەیاندنەكانی ئەو حیزبەوە بڵاوكراونەتەوە، هەردوو فەیلەقی یەكو پێنجی گاردی كۆماریی لەگەڵ هێزی ئاسمانی عێراقی لەهێرشەكەی 31ی ئابدا بەشداربوونو بەشێك لەو تانكانەی كە بەكارهاتوون لەجۆری (T72) بوون، كە ئەو دەمە پێشكەوتووترین تانكی سوپای عێراق بوون.
لەهێرشەكەی 31ی ئابدا 400 تانكو دەیان زرێپۆشو چەندین كەتیبەی تۆبخانەو كاتیۆشاو هاوەنو هێلیكۆپتەر بەشداربوون.
پلانی گەمارۆدانی تەواوەتیی یەکێتی:
پلانی هێرشكردنە سەر هەولێر بەشێوەیەك بووە كە هێزەكانی یەكێتی لەهەموو لایەكانەوە گەمارۆ بدەن، بۆیە لەچەند قۆڵێكەوە هێزەكانی رژێمی بەعس بەرەو هەولێر بەڕێدەكەون.
قۆڵی یەكەم لەجادەی سەرەكی هەولێرەوەو لەئۆردوگای قوشتەپە بەلای خۆرهەڵاتی هەولێرداو لەوێوە بەرەو باكوری هەولێرو ئۆردوگای كەسنەزانو دارەتوو.
قۆڵی دووەم لەرێگەی دیبەگەوە بەرەو ناو شاری هەولێر، قۆڵی سێیەم لەرێگەی گوێڕەوە بەرەو كانی قڕژاڵەو ناو هەولێر.
قۆڵی چوارەم بەدوو ئاڕاستە، یەكەمیان لەجادەی موسڵەوە بەرەو ناو هەولێر، ئاڕاستەی دووەم لەهەمان رێگەوە بەرەو پشتی عەنكاوە، پارتیش هێزەكانی خۆی لەسەرەوەی هەولێرەوە كۆدەكاتەوە.
قوسەی سەدام حسێن راستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی پرۆسەكەی دەكردو لەپلانەكەدا سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق، فەرماندەكانی هەردوو فەیلەقی یەكو پێنج سەرۆكی گاردی كۆماریی بەشداربوون.
هەر لەو پلانەدا پارتی ئەڵقەیەكی گەمارۆكە لەباداواوە بەرەو دەشتی كۆیە دەكاتەوە تا هێزەكانی یەكێتی لێوەی بچنە دەرەوە.
یەكێتی بەماوەیەكی زۆر پێش 31ی ئاب ئاگاداربووە، كە پارتی بەنیازە بەهاوكاری رژێمی بەعس پەلاماری هەولێر بدات، بەڵام بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتیو تەنانەت خودی جەلال تاڵەبانیش بڕوایان بەو زانیارییانە نەكردووە كە پێیان گەیشتووە.
چەند رۆژێك پێش 31 ئاب تاڵەبانی لەكۆبوونەوەكانیدا باس لەوە دەكات كە حەوت مەڕ دەكاتە قوربانی ئەگەر عێراق سوپا بنێرێت.
تاڵەبانی لەنامەیەكدا، كە ئەو دەمە بۆ جەبار فەرمانو مولازم عومەرو كۆسرەت رەسوڵ (سەركردە سەربازییەكانی یەكێتی) نووسیوە، باسی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان خۆی و بەرپرسێكی ئەمەریكی دەكات، كە بەتاڵەبانی راگەیاندووە، ئەگەر ئێران بەشداری شەڕ بكات عێراق دەستوەردەداتە شەڕەكەوەو ئەوانیش ناتوانن بەرگری لێبكەن، لەبەرانبەردا تاڵەبانی پێیدەڵێت، "ئەو قسانە پڕوپاگەندەی پارتییەو راست نییە، ئێران بەشداری كردبێت"، هەروەها پێشیدەڵێت "ئەگەر عێراق هەڵەیەكی وابكات، ئەوا لەگەڵ دۆستەكانیان لەناو سوپای عێراقی دەیكەنە جەژنی رووخانی دیكتاتۆریەت".
هاوكات لەچەند رۆژێك پێش هێرشی سوپای عێراق، زانیارییەكان بڵاودەبنەوە كە سوپای عێراق خەریكی خۆسازدانە بۆ پەلاماردانی هەولێر، كۆسرەت رەسوڵ بەبروسكە سەركردایەتی ئاگادار دەكاتەوەو لەبەرامبەردا پێشنیار دەكات، كە هێزەكانیان لەدەرەوەی شار بكشێنەوە ناو شارو بەرگری بكەن، بەڵام وەڵامی ئەو پێشنیارەش نادرێتەوە.
ڕۆژی 28ی ئاب پارتیو حكومەتی بهعس گەیشتنە ڕێككەوتنێك بۆ كۆنترۆڵكردنى هەولێر، كۆشكی سپی بەمە نیگەران بوو، پەیوەندییان بهمەسعود بارزانیهوه كرد، بارزانى وتی، ئەو ڕێككەوتنە بۆ دەركردنی پاسدارە لەهەولێرەوە تا قەڵادزێ، ئەوانیش تەنها وتویانه، سەركەوتوبنو تەلەفۆنەكەیان داخستوهتهوه.
