ئەم کۆکتێلە خڵتەیەکە، نەشئەبەخش نییە، بەڵکو مرۆڤ وڕ دەکات. رۆژ نییە باسی
سوریا و قەسەد نەکەن، رۆژ نییە باسی برایەتی کورد و تورک و عەرەب و شەرکەس و ئەرمەن
و تورکمان و ئەهلی حەق و ئێزیدی و کاکەیی و دروز هتد نەکەن.
ئەم ئەقڵە پەرتە وا دەزانێ سەردەم سەردەمی سەدەی نۆزدەمە، هێشتا ئەنتێلێنجسیای
کورد بەقەد پێویست پێنەگەیشتبوو، ئاگایی سیاسی لە ئاستێکی زۆر لۆکالی بوو، هێشتا سەرەک
هۆز دوا قسەی پێ بوو، سەرباری هەوڵە گرنگەکانی بەدرخانییەکان و دواتریش شۆڕشی دەرسیم
و ...
سەدەی بیست و یەک زۆر جیاوازە : گەشەسەندنی چینی مامناوەندی لە کوردستانی
تورکیا، ئەزموونی چڕ و پڕی باشوور، ئەگەر چی هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی کامڵبوون، بەڵام،
لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان، بنکەیەکی جەماوەریی وریا پەیدا بووە، خوێندەوارە،
زمان دەزانێ، پەیدابوونی پسپۆریی لە بوارە جیاوازەکان، پەخش و بڵاوکراوەی ژمارەییەکان،
هۆشی دەستکرد...کۆی ئەم توخمانە بە تەواویی وای کردووە کورد لە سەردەمی خۆی بژێت.
وێڕای ئەزموونی رۆژئاڤا کە لە توانایاندایە، تاکو ئەم ساتەوەختە، نێوانی دێرەکان
بخوێننەوە، هەڵەی ستراتیژی نەکەن، رایەڵی پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی باشدایە...
ئەگەر رۆژهەڵات لەم نێوەندە هێشتا پێوێستی بە گەڕێکی سیاسی گرنگ هەبێ، بەڵام
کۆی پرۆسەی کوردیی لە ناوچەکە لە ئاستێکی خراپ دا نییە، چونکە هۆشیارییەکی نموونەیی
لەو خاڵەدا گرت بۆتەوە کە هەڵگری بەهای نوێن کە نە لە ئێران، نە لە عێراق، نە لە
سوریادا نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە : مافی ژنان، بیرکردنەوە لە دەوڵەتی مەدەنی، قبووڵکردنی
عەلمانییەت، بەشدارییپێکردنی مەزهەب و ئاینە جیاوازەکان...
بەرامبەر بە ئەقڵی دەوڵەتی تورک ئێمە بەهێزترین، چونکە
خڵتەکەی ئەردۆغان/باخچەلی تەنها زمانی چەواشەکاریی دەزانن و ناتوانن وەڵامێکی
مەنتیقی بۆ ئیدیعاکانیان بدۆزنەوە، لە ١٠٪ ئەو دروشمانەی کە شەو و رۆژ بە گوێی دنیادا
دەیڵێن و دەیڵێنەوە بخەنە ناو ئەو دەستوورە چەقبووستەی کە تورکیا بە خاکی تورکان دەزانێ،
زمانی تورکی بە خودای زمانەکان...دەمانباتە سەردەمێکی دیکەوە.
دەوڵەتی تورک وا دەزانێ کات کوشتن لە بەرژەوەندی ئەودایە، رەنگە بۆ ماوەیەک
راست بێت، بەڵام بۆ هەمیشە نا...
ئەگەر هەنگاوی راستەقینە بەرەو ئاشتی نەنێن، شەڕ بژاردەیەکە...
دەرکەوت باخچەلی گورگێکی بۆر نییە، بەڵکو رێوییەکی بەڵەکە...ئەو قسەیەی کە
پارەکە کردی لێی پەشیمان بووەوە. گوتی با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان...مەبەست لە ئازاد
کردنی بوو...
پەشیمانبوونەوە رەفتاری گورگ نییە، رەفتاری رێوییە...
با ئەردۆگانیش بەردەوام بێ لە باسکردنی برایەتی گەلان بە بێ هەنگاوێکی راستەقینە....ئەو
رۆژە هاتووە هەموو هاوار بکەن پاشا رووتە.
لە هەموو سەیرتر : بێگومان ئەمەوییەکانی دیمەشق پێکێک لەو خڵتەیەیان خواردۆتەوە...ئەی
نابینن چەند وڕ و گێژ بوونە!
ئەحمەدی مەلا