شارپرێس:
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لەکاتی بەڕێوەچونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، هەڵەیەکی تەکنیکیی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ململانێیەکی توندی لەنێوان لایەنە سوننەکانو پارتی دیموکراتی کوردستان لێکەوتەوە، ئهمهش بوه هۆی گۆڕانی ئاڕاستەی دەنگەکان بۆ پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان.
دوێنێ دوای کشانەوەی موسەننا سامەڕائی لەکاندیدبون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق كشایهوه، هەریەکە لەهەیبەت حەلبوسیو سالم عیساوی ململانێی وەرگرتنی پۆستەکەیان دەکرد، لەو سەرو بەندەدا، فەرهاد ئەتروشی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، پەیوەندیی بەسەرکردایەتی حزبهكهیىو خودی مهسعود بارزانییەوە كردو دوای ڕێنوێنی لێدەکات، ئاخۆ لەو دوانە دەنگ بەکێ بدەن، لەوەڵامدا پێى دەوترێت، دەنگ بەسالم عیساوی بدەنو هەرچیتان کردوە با حەلبوسی نەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
دواى ئهو پهیامهش، فەرهاد ئەتروشی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نامەیەک دەنوسێت بۆ پەرلەمانتارانی حزبەکەییو پێیان دەڵێت، "لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، هەمومان دەنگ بەسالم عیساوی دەدەین".
بەڵام لەبری ئەوەی نامەکە لەگروپی واتس ئەپی فراکسیۆنی حزبەکەیدا دابنێت، لەگروپی واتس ئەپی پەرلەمانتارانی عێراق دادەنێتو تا دەزانێت هەڵەیکردوەو دەیسڕێتەوە، بەشێک لەپەرلەمانتاران نامەکە دەبینن کە خودی محەمەد حەلبوسی یەکێک لەوکەسانە دەبێت کە نامەکە دەبینێت، ئهوهش وادهكات، حەلبوسی زۆر نیگەران بێتو نیگەرانیەکەشی لای دوو پەرلەمانتاری پارتی درکاندوە.
ئەم نامەیەی فەرهاد ئەتروشی، کە بەهەڵە لەگروپی پەرلەمان دایناوە، دەبێتە مایەی توڕەیی سوننەکانو بڕیار دەدەن بەهیچ جۆرێک دەنگنەدەن بەکاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان.
