شارپرێس:
ئەڤیخای ئەدرعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیای عەرەبی، پەیامێکی ئاراستەی هاوڵاتیانی عێراق و یەمەن کرد و داوای لێکردن هەر زانیارییەک سەبارەت بە هەر چالاکیەکی "تیرۆریستی" میلیشیا دڵسۆزەکانی ڕژێمی ئێران، لە ڕێگەی لینکی ئەلیکترۆنیەوە بۆ دەزگای هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بنێرن.
ئەدرەعی لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە هاوپێچی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کردووە، دەڵێت: “من لەو دۆخە سەختە تێدەگەم کە ئێوە تێیدا دەژین، لە ژێر ئەو بارودۆخە سەختەی کە میلیشیاکانی چالاک لە وڵاتەکانتاندا دروستیان کردووەو وەک چۆن ساڵانێکی زۆرە بوکەڵەی دەستی ڕژێمی ئێران بوون”.
دەشڵێت، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا پەیامی زۆر لە هاوڵاتیانەوە نێردراوە کە نیگەرانن لە ئایندەیەکی نادیار. هەندێکتان زانیاریم بۆ دەنێرن سەبارەت بەو چالاکییە تیرۆریستیانەی کە میلیشیاکان ئەنجامی دەدەن، ئەو چالاکییانەی کە زیان بە ئاسایشی ئێوە دەگەیەنن و ئازیزانتان و وڵاتەکەتان دەخەنە مەترسییەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆرێک لە ئێوە داوا لە من دەکەن بۆ هاوکاری ئیسرائیل بۆ ئەوەی وڵاتەکەتان خۆی لە دۆخێکی هاوشێوەی ئێراندا نەبینێتەوە، دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە من کەناڵی گونجاو نیم بۆ ئەو جۆرە داواکاریانە، بەڵام بەستەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل هەیە.
