شارپرێس:
ناوچەی کیسوه، لەنزیک ڕێگه‌ى کۆنی ده‌رعا لەگونده‌كانى دیمەشق، شایەتحاڵی ئۆپەراسیۆنێکی ڕفاندنێکی ئاڵۆزبوو کە سێ ئەندامی هەواڵگری تورکیا ناسراو به(میت)ی کردە ئامانج، سه‌رچاوه‌كانيش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و سێ ئه‌فسه‌ره‌ى هه‌واڵگریى توركیا بریتین له(ئۆرهان تارکان، مەهمەت ئایشلاک‌و ڕەمەزان دڵماز).
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه، ئەو ئەفسەرانەى میتى توركیا، وا نیشاندراوه سەر بەتیمێکی تایبەتبن‌و ئەرکی سه‌ره‌كییان ته‌نها کۆکردنەوەی زانیاریی ورده لەسەر جموجۆڵەکانی ئیسرائیل، بەڵام چه‌ندین ئه‌ركى دیكه‌شیان ئه‌نجامداوه، وه‌ك پەیوەندیی‌و هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حزبوڵڵا لەلوبنان‌و تۆڕەکانی چاودێریکردنی بەقاچاخبردنى چه‌ك‌و تەقەمەنی بۆ حزبوڵڵا لەڕێگەی سوریاوە.
ڕاپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌رى زۆره ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ى میتى توركیا له‌لایه‌ن مۆسادى ئیسرائیله‌وه ڕفێندرابن، دواى ئه‌وه‌ى ڕاستیى كار‌و چالاكییه‌كانیان ئاشكراكردوه‌و وه‌ك مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆسه‌ر بەرژەوەندییەکانی وڵاته‌كه‌یان بینیویانه".
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه، ڕفاندنەکە لەلایەن گروپێکەوە ئەنجامدراوە کە بەهەماهەنگی لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیل کاریانکردوەو ڕفێندراوەکان بۆ بنکەیەک لەگوندێكى قونەیترە گواستراونەتەوە.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیارییه‌دا، ئاماژە بەئەگەری بەشداریکردنی گروپە ناوخۆییەکانی سەر بەجەیشولئیسلام دەکەن، کە ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی دیمەنی ئەمنی‌و هەواڵگرییە لەگوندەکانی دیمەشق.
له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و زانیاریانه‌دا، ئه‌وه‌ش هاتوه، "ئه‌وه‌ى له‌نزیك پایته‌ختى سوریا‌و له‌دژى توركیا ئه‌نجامدراوه، پەرەسەندنی ململانێیه‌كى توندى هه‌واڵگریى وڵاتانه له‌ناو سوریادا كه ڕه‌نگه كاردانه‌وه‌و ڕوداوى گه‌وره‌تریش ڕوبده‌ن به‌هۆى ململانێ ناوخۆییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌و ده‌ست باڵایى وڵاتان له‌دیمه‌شقدا".
فۆكس پرێس له‌وباره‌یه‌وه زانیاریى ورد‌و زیاترى له‌باره‌ى ئه‌و سێ ئه‌فسه‌ره‌ى میتى توركیاوه بڵاوكردوه‌و نوسیویه‌تى، "ئه‌وانه‌ى ڕفێندراون، هێڵى په‌یوه‌ندیى ڕاسته‌وخۆى ئه‌نكه‌ره‌و حزبوڵڵاى لوبنان بون، چونكه چاودێریی‌و سه‌رپه‌رشتى تۆڕێکیان ده‌کرد کە چەک‌و تەقەمەنی بەقاچاخ دەبردە ناو لوبنان، کە بریتیبون لەموشەکی دژە تانک‌و موشەکی کاتیۆشا‌و موشەکهەڵگر، هه‌موو ئه‌وكارانه‌ش بەهەماهەنگی نێوان تورکیا‌و ئێران ده‌كران به‌هه‌ماهه‌نگى فیرقه‌ى 44ى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى به‌رگریى سوریا‌و هاوكاریى بنەماڵەی ئەلحەفل (ئیبراهیم‌و سامی)".
ئه‌وه‌ش باسكراوه، "هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئەگەری تێوەگلانی جەیشولئیسلام-یش هه‌یه له‌ڕفاندنی ئه‌فسه‌ره‌كانى میتى تورکیا، بەتایبەتی دوای ئەوەی تورکیا ئەو گروپەی هەڵوەشاندەوە كاتێك ئەحمەد شه‌رع توانیى بگاته دیمه‌شق‌و سه‌رۆكایه‌تى وڵاتى گرته‌ده‌ست‌و یه‌كه‌م كارى شه‌رع-یش دژى ئه‌و گروپه، دەستگیرکردنی سەرکردەکانی بوو لەنێویاندا (عیسام بوەیدانی) كه لەئیمارات ده‌ستگیركراو گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ دیمه‌شق‌و ئێستا له‌زیندانه‌كانى سوریادایه".
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و گروپه ڕاپۆرته‌كه نوسیویه‌تى، "شانەکانی سەر بەجەیشولئیسلام هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی حکومەتی دیمەشقیان لەناو کۆشکی سەرۆکایەتی دابوو، ئەمەش وەک تۆڵەی سیاسەتەکانی تورکیا‌و کۆنترۆڵکردنی حکومەتی دیمەشق بەسەر کوتلەکاندا، بەڵام هەواڵگریی تورکیا ئەو هەوڵانەی پوچەڵکردەوە، لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2025یشدا، هەواڵگری تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لەناو کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا ئەنجامداو شەش کەسیان دەستگیرکرد کە به‌نیازبون به‌رپرسه باڵاكانى سوریا بكوژن".
ناوى ئه‌وكه‌سانه‌ى گروپه‌كه‌ش ئاشكراكراوه كه میتى توركیا به‌هاوكاریى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ده‌ستگیریكردون‌و بریتین له(عەبدولحەلیم نوره‌دین ئەحمەد‌و ئاید تاریق فەهام كه خه‌ڵكى گونده‌كانى لادێی حەلەب بون، له‌گه‌ڵ ئیبراهیم مەحمود ئەلوەحوب، عەبدولقادر ئەحمەد سەفیە، ساڵح بەدره‌دین سوڵتان، كه هه‌رسێكیان خه‌ڵكى ئیدلب بون، له‌گه‌ڵ كه‌سێكى دیكه‌ش به‌ناوى مەنسور سالم ئەلحەلیب كه خه‌ڵكى خان شێخون بوه.
له‌كۆتایی ئه‌و ڕاپۆرته‌دا ئه‌وه ڕونكراوه‌ته‌وه، تائێستا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه ئاخۆ مۆساد ئه‌وكاره‌ى كردوه یان گروپى جه‌یشولئیسلام، یان هه‌ردولایان به‌هه‌ماهه‌نگى ئه‌فسه‌ره‌كانى میتى توركیایان ڕفاندوه، چونكه وه‌كو ئاماژه‌ى پێكراوه، "هه‌ردولا دژى حكومه‌تى ئێستاى سوریا‌و هاوكات حكومه‌تى توركیاشن له‌ناو سوریا‌و كاره‌كانیان به‌مه‌ترسیى گه‌وره له‌سه‌ر خۆیان ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌گه‌ره به‌هێزه‌كه بۆ مۆسادو جه‌یشولئیسلام به‌هێزه كه به‌هه‌ماهه‌نگى ئه‌وكاره‌یان كردبێت‌و ئه‌و گروپه‌ش له‌مه‌ودوا سه‌نگه‌ره‌كه‌ى بگوازێته‌وه بۆ ته‌لئه‌بیب دژى ئه‌نكه‌ره‌و دیمه‌شق".
