قه‌ندیل هاته‌ده‌نگ‌و مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكراده‌كات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) له‌باره‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەم هێرشانە تەنها بەحەلەبەوە ناوەستن‌و هەوڵدەدرێت سەرجەم ناوچەکانی سەر بەئیدارەی خۆسەر بگرنەوە"، ده‌شڵێت، "ئەمریکاو هێزە نێودەوڵەتییەکان یان ڕەزامەندییان نیشانداوە یان بێدەنگییان هەڵبژاردوە".


كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) ڕاگه‌یه‌نراوێكى توندى بڵاوكرده‌وه‌و هۆشداریدەدات لەوەی، هێرشکردنەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، بۆ لەباربردنی پرۆسەی ئاشتیی‌و پاکتاوکردنی کوردە.

كه‌جه‌كه‌ ئاماژە بەوەدەدات، ئامانجی هێرشەکان، سڕینەوەی ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریایەو هێرشکردنەسەر گەڕەکە کوردییەکان لەحەلەب، بەئامانجی پاکتاوکردنی کورد ئەنجامدراوەو ئامانجیش لێی، لەناوبردنی ئەنجومەنە خۆجێیەکان بوو، ئەمە درێژکراوەی هێرشەکانە بۆ سەر دەستکەوتەکانی کورد لەهەموو ئەو وڵاتانەی کوردی تیادا دەژی.
 
کەجەکە دەشڵێت:"ڕێککەوتی ئەنجامدانی هێرشەکان جێی سەرنجە ئەم هێرشانە دوای کۆبونەوەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، حکومەتی سوریاو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستیانپێکرد، لەو ڕۆژەی ڕێککەوتن کرا لەسەر جێهێشتنی باشوری دیمەشق بۆ ئیسرائیل، هێرشکرایەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەمریکاو هێزە نێودەوڵەتییەکان یان ڕەزامەندییان نیشانداوە یان بێدەنگییان هەڵبژاردوە".
 
کەجەکە ڕەخنەی توند لەتورکیا دەگرێت‌و پێیوایه‌، "سەرەڕای ئەوەی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندوەتەوەو لەیه‌كی ئادارەوە ئاگربەستی ڕاگەیاندوە، بەڵام بەبەردەوامی باسی پەکەکە دەکرێت، ئەمە هێرشێکە بۆسەر بزوتنەوەی ئازادی‌و بۆ شکستهێنان بەو ئاگربەستەی کە بەوردی پابەندی بوین".

كه‌جه‌كه‌ ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، "ئۆجەلان، داوایکرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار، شەڕ ڕابگیرێت‌و هەنگاوی پێویست بنرێت، بەڵام ئەوان هێرشدەکەن، بۆیه‌ پێمانوایه‌، ئه‌وان نایانەوێت کێشەکان چارەسەربکەن، بەڵکو دەیانەوێت ئیدارەی خۆسەر لەناوببەن".
 
کەجەکە بانگەوازێکی ئاراستەی ئاکپارتی‌و مەهەپە کردوەو دەڵێت:"ئێمە بەبێ دودڵی‌و بەبوێرییەوە بەرپرسیارێتیی سەرشانی خۆمان جێبەجێکردوە، داوا لەئاکپارتی، مەهەپەو بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین هەنگاوی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بنێن‌و واز لەکاری تێکدەرانە بهێنن".

بەپەلە