حکومەتی نوێی عێراق هاوشێوەی ڕابردوو بەگوێرەی سیستەمی پشکپشکێنە پێکدەهێنرێتەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2008 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پرسی پشتبەستن بەسیستەمی "پشکپشکێنە" یان دابەشکاریی حزبی، جارێکی دیکە لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بوەتە ڕۆژەڤی سەرەکیی و وەک یەکێک لەڕەگداکوتاوترین کێشە سیاسییەکانی وڵات لە دوای ساڵی 2003وە دەردەکەوێت.

 
سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنەکان بەڕێژەی بەشداریی 56.11% ئەنجام دران و چاوەڕوانییەکان بەرەو گۆڕانکاری لەڕەفتاری سیاسییدا بوون، بەڵام چاودێران پێیان وایە دۆخەکە هێشتا لەچوارچێوە کلاسیکییەکەی پێشوو دەرنەچووە و هێزە سیاسییەکان لەبری چاکسازیی بنەڕەتی، خەریکی دابەشکردنی پلە و پۆست و وەزارەتەکانن لە نێوان خۆیاندا.

عەلی ناسر، توێژەری سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەبۆتە هۆی گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و عێراق لەگۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە دابڕاوە.

ئەو پێی وایە مانەوەی هەمان ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی کە ساڵانێکی زۆرە جومگەکانی دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردووە، دەبێتە هۆی ئەوەی هەر حکومەتێکی نوێ نەتوانێت دەستکەوتی ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت، چونکە پشکی حزبیی، هێشتا چوارچێوەی حاکمە لە دامەزراوە سیاسی و ئابورییەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە، کازم یاوەر، سەرۆکی دامەزراوەی "دەستوورنامە" ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم سیستەمە ئەگەر لە ساڵانی یەکەمی دوای 2003 وەک پێویستیی قۆناغی ڕاگوزەر پاساوی بۆ هەبووبێت، بەڵام بەردەوامبوونی دوای شەش خولی هەڵبژاردن، بۆتە هۆی دروستبوونی پێکهاتەیەکی سیاسیی لاواز کە تەنها بەرژەوەندی حزبی دەپارێزێت. ئەمەش هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و ململانێی لایەنەکانە لەسەر پۆستە باڵاکان، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی قەیرانەکان.

یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان ئەوەیە کە هیچ لایەنێک نایەوێت بچێتە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو هەمووان بە بچووک و گەورەوە هەوڵی بەدەستهێنانی کورسییەکی وەزاری دەدەن بۆ پاراستنی هەژموونی خۆیان، ئەمەش بۆتە هۆی پەراوێزخستنی کەسانی سەربەخۆ و بەتوانا.

جاسم عەتیە، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی تەقەددوم، دەڵێت کە ئەوان سەرقاڵی دیاریکردنی ئەو وەزارەتانەن کە دەتوانن خزمەتی دەنگدەرەکانیانی پێ بکەن، هاوکات ڕەخنە لە ئەدای هەندێک وەزیری پێشوو دەگرێت کە بوونەتە هۆی لادانی وەزارەتە هەستیارەکان لە ڕێڕەوی ڕاستی خۆیان.

لەئێستادا دابەشکارییەکە بەپێی نەریتێکی نەنوسراو بەڕێوەدەچێت، بەجۆرێک لە کۆی 22 وەزارەت، نزیکەی 12 وەزارەت بۆ پێکهاتەی شیعە، 6 بۆ سوننە و ئەوانی دیکە بۆ کوردو مەسیحییەکانە.

ئەم دابەشکارییە تەنها لەسەر ئاستی وەزارەت نەماوەتەوە، بەڵکو شۆڕبۆتەوە بۆ ئاستی بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی بەهۆی زۆریی داواکاریی حزبەکان و تێکچوونی هاوپەیمانییەکان زیاتر ئاڵۆز کردووە و متمانەی هاووڵاتیانی بە چاکسازییەکی ڕاستەقینە لاواز کردوە.

بەپەلە