شارپرێس:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لانیکەم ٦٤٨ خۆپیشاندەر لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئێراندا کوژراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە ڕایگەیاندووە، ئەگەری زۆرە ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە.
مەحمود عامری، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لە لێدوانێکدا لەسەر ژمارەی پشتڕاستکراوەی کوژراوان ڕایگەیاند، "ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە خۆپیشاندەرانی مەدەنی لە کوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن ئێرانەوە بپارێزێت".
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "بەپێی هەندێک خەمڵاندن، ڕەنگە زیاتر لە شەش هەزار کەس کوژرابن"، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە کاربەدەستانی ئێران بۆ ماوەی نزیکەی چوار ڕۆژ ئینتەرنێتیان بڕیوەو "ئەستەم دەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەواوی ئەم ڕاپۆرتانە".