عێراق ڕێكارێكی نوێ بەرامبەر دەروازە سنورییەكانی هەرێم دەگرێتەبەر...لیژنەیەك پێكدەهێنرێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق ئاشكرایدەكات، وەك دەسەڵاتی جێبەجێكارو حكومەتی ناوەندی ناتوانن دەروازەكانی هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكەن و دەڵیت،" داوایانكردوە لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە كۆنترۆڵ بكرێت"، سەرۆكی نوێی پەرلەمانیش وەڵامی داوەتەوەو دەڵێت،" لیژنەیەك دروست دەكەین تا كار لەسەر دەروازە سنورییەكانی هەرێم بكات".

عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق لەدانشتنێكدا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، "هەموو هیوایەكمان بەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە وەك باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەت پاڵپشتیمان بكەن".

وتیشی، "من هیچ بژاردەیەكم بەدەستەوە نییە، تەنها ئەتوانم نوسراویان بۆ بكەم و ئامادەی كۆبونەوەكان ببم و ئاگادار كردنەوەیان ئاڕاستە بكەم، بەڵام ئەگەر ئەوان پابەندنەبن من چی بكەم، من هیچ شێوازێكی دیكەم بەدەستەوە نییە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان".

لەلایەن خۆیەوە هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،" لیژنەیەك پێكدەهێنن لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەیوەندیكردن بەدەستەی دەروازە سنورییەكانەوە بۆ چارەسەر كردنی ئەم بابەتە".

بەگوێرەی زانیارییەكان، بڕیارە لەپەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی تایبەتمەند دروست بكرێت بۆ تاوتوێكردنی كێشەی گومرگ و داهاتی نانەوتی لەهەرێمی كوردستان.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی لەڕێگەی پێناسی نوێی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتییە، لەكاتیكدا بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی و داهات لە 10 مانگی سەرەتای 2025، بڕی داهاتی نانەوتی 10.3 تریلیۆن دینار بوە، کە تەنیا 10%ی داهاتی گشتی بوە.