شارپرێس:
کەناڵی شەمسی نزیک لەپارتی ڕاگرتنی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا ڕاگەیاند کە بڕیار بوو ئەمشەو پەخش بکرێت.
کەناڵەکە بڵاویکردەوە چاوپێکەوتنی ئەحمەد شەرع بەهۆکاری تەکنیکی و لۆجستی دوادەخەن بۆ کاتێکی دیکە کە لەداهاتوودا دیاری دەکرێت.
بڕیاربوو ئەمشەو کەناڵی شەمس چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتی سوریا بڵاوبکاتەوە، ئەوەش نیگەرانییەکی زۆر لەکوردستان لێکەوتوەوە و داوا کرا مەسعود بارزانی دەستوەردان بکات و رێگە لەپەخشکردنی ئەو بەرنامەیە بگرێت.
کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان پەیامێک ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەکەن و و دەڵێن،" هێشتا برینی خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە وشک نەبوەتەوە و تاکو ئێستاش ژن و منداڵانی کورد چاوەڕوانی زانینی چارەنوسی کەسوکارە بێسەروشوێنبوەکانیان دەکەن و تەرمی شەهیدەکانیش لەژێر داروپەردوی ماڵە روخاوەکانیاندا ماونەتەوە، دەرکەوتنی ئەحمەد شەرعیش لەم کاتەدا لە کەناڵی شەمش کە ئێوە خاوەندارێتی دەکەن، هێندەی تر برینی گەلەکەمان قوڵتر دەکاتەوە".
ئەو کەسانە لە پەیامەکەیاندا باس لەوەش دەکەن،" گەلەکەت لەئێستادا داوای رێگریکردن لە پەخشکردنی ئەو چاوپێکەوتنەکەی شەرع دەکەن، چونکە دەسەڵاتی دیمەشق دەیەوێت لەسەر ئاستی جیهان رەوایەتی بە تاوانەکانی بدات ".