ناتۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر لە باشووری تورکیا جێگیر دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 127 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگریی تورکیا  ئەمرۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی ( ناتۆ ) سیستەمێکی تری بەرگریی موشەکیی پاتریۆتی ئەمریکی لە پارێزگای ئەدەنە لە باشووری تورکیا جێگیر دەکات.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیک کە دەکەوێتە ئەو ناوچەیە سەربازانی ئەمریکا و وڵاتانی تر تێیدا جێگیرن، مەبەست لێی بەرپەرچدانەوەی ئەو موشەکانەیە کە لە لایەن ئێرانەوە دەهاوێژرێن لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە.

 وەزارەتی بەرگریی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەدا ڕوونی کردەوە کە ئەم جێگیرکردنە بە فەرمانی فەرماندەیی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە ڕامشتاینی ئەڵمانیا ئەنجام دراوە و دەبێتە پاڵپشتێک بۆ سیستەمە ئیسپانییەکەی کە پێشتر لەوێ بووە.

بنکەی ئینجەرلیک لە ئەدەنە جگە لە هێزە تورکییەکان، میوانداریی سەربازانی ئەمریکا و قەتەر و ئیسپانیا و پۆڵەنداش دەکات.

 تورکیا کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە ناتۆدا و هاوسنووری ئێرانە، هەفتەی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە ناتۆ سیستەمێکی پاتریۆتی لە مەلاتیە جێگیر کردووە بۆ پاراستنی بنکەی ڕاداری هاوپەیمانان و بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە کە هێشتا بە تەواوی سەربەخۆ نییە.

 هەرچەندە ڕانەگەیەندراوە کام وڵات سیستەمە نوێیەکە کە لە جۆری PAC-3 یە بەڕێوە دەبات، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایە تایبەتە بە تێکشکاندنی موشەکی بالیستیک و کەمکردنەوەی مەترسییە ئاسمانییەکان.

بەپێی داتاکانی سوپای ئەمریکا، نەوەی PAC-2 دەتوانێت لە مەودای 70 کیلۆمەتر فڕۆکە و موشەکی کرووز بپێکێت، لە کاتێکدا نەوەی PAC-3 لە مەودای نێوان 20 بۆ 35 کیلۆمەتردا ڕووبەڕووی موشەکە بالیستیکییەکان دەبێتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی