شارپرێس:
لەکاتژمێرەكانى بەرەبەیانى ئهمڕۆ، کاتێک شار لەخەوێکی قووڵدا بوو، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)و یەکەکانی دژە مادەی هۆشبەر لهڕۆژئاواى كوردستان، گەورەترینو فراوانترین هەڵمەتی ئەمنییان بۆ سەر مۆڵگەکانی بازرگانیو دابەشکردنی ژەهرە سپییەکان دەستپێکرد، وهكو ئاسایش دهڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنە تەنها دەستگیرکردنی چەند کەسێک نییە، بەڵکو وەک شەڕی مانو نەمان بۆ پاراستنی نەوەی داهاتوو لەقەڵەمدەدرێت.
بهگوێرهى زانیارییە سەرەتاییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بەهەماهەنگییەکی وردی هەواڵگریی لەشارەکانی (قامیشلۆ، حەسەکە، ڕەققەو مهنبهج) ئەنجامدراوە، ئامانجی سەرەکی ئەمجارە تەنها بڵاوکەرەوە بچوکەکان نین، بەڵکو لێدانە لەسەری مارەکەو ئەو تۆڕە نێودەوڵەتیانەی کە دەیانەوێت ناوچەکە بکەنە مۆڵگەی ترانزێتی مادەی هۆشبەر.
سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوەدەکەن، لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا، بڕێکی بێشومار لەحەبی کهپتاگۆنو کریستاڵ دەستی بەسەردا گیراوە، وتەبێژێکی هێزەکانی ئاسایشى ڕۆژئاواش وتویهتى، "ئێمە چیتر ڕێگەنادەین ژەهر لەکۆڵانەکانی شارەکانماندا بفرۆشرێت، ئەم هەڵمەتە تا کۆتاییهێنان بەنفوزی ئەم باندە مافیایانە بەردەوامدەبێت".
خێزانەکانی ڕۆژئاوا بەئومێدەوە دەڕواننە ئەم هەڵمەتە، دایکێک کە کوڕەکەی بوەتە قوربانی ئەو مادانە، بەچاوێکی پڕ لەفرمێسکەوە وتویهتى، "هەر حەبێک کە دەستى بهسهردا دهگیرێت، ژیانی گەنجێک لەمردن ڕزگاردەکات، پێویستە ئەم ڕەگو ڕیشەیە وشک بکرێت".
ئەو ئۆپەراسیۆنە پەیامێکی ڕونە بۆ هەموو ئەوانەی بەرژەوەندیی دارایی خۆیان لەسەر وێرانبونی ماڵەکان بونیادناوەو دهڵێن، "کاتەکەتان تەواوبوو"، هێزەکانی ئاسایش جەختدەکەنەوە، هیچ کەسێک لەسەروی یاساوە نییەو قەڵاکانی مادەی هۆشبەر یەک بەیەک دەڕوخێنرێن.
