شارپرێس:
زانایان هەنگاوێکی گەورەیان بەرەو گۆڕینی داهاتوی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم نا، ئەمەش لەڕێگەی دۆزینەوەی تەکنیکێکی نوێ کە ڕەنگە کۆتایی بەسەردەمی دەرزی ئەنسۆلین بهێنێت.
لەتوێژینەوەیەکی نوێدا، تیمێک لەزانایان توانییان نەخۆشی شەکرە لەمشکدا چارەسەربکەن بەبەکارهێنانی ڕێگەیەکی دەگمەن کە پێویستی بەلاوازکردنی کۆئەندامی بەرگری نییە، ئەمەش گەورەترین بەربەستبوو کە تائێستا ڕێگربوو لەسەرکەوتنی پڕۆسەی چاندنی خانەکان.
لەجۆری یەکەمی شەکرەدا، کۆئەندامی بەرگری هێرشدەکاتەسەر خانەکانی پەنکریاس (لانگەر هانس)و لەناوی دەبات، بەهۆی ئەم هێرشەوە، نەخۆش ناچارە تا کۆتایی تەمەن پەنا بۆ دەرزی ئەنسۆلین ببات، پێشتریش کاتێک خانەی نوێ دەچێنرا، جەستە ڕەتیدەکردەوە، مەگەر نەخۆشەکە دەرمانی زۆر بەهێزی بەرگریی بەکاربهێنایە، کە زیانی دیكهى هەبوو.
زانایان ئاشكرایانكردوه، ئەم سەرکەوتنە نوێیە ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی لەداهاتودا خانە بەرهەمهێنەرەکانی ئەنسۆلین بچێنرێن بەبێئەوەی جەستە ڕەتیان بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی توانای سروشتی جەستە بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێن.
زانایان ئاماژهیان بهوهكردوه، کلیلی چاکبونەوەیان دۆزیوەتەوە بەبێئەوەی زیان بەسیستەمی بەرگریی بگەیەنن؛ وهكو جهختى لهسهردهكهنهوه، هەنگاوێک کە دەکرێت ملیۆنان مرۆڤ لەجیهاندا ڕزگاربکات.
