هۆشداری لەدۆخی چەقبەستویی و بنبەستی سیاسی هەرێم دەدرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمیتەی ناوەندیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبەیاننامەیەكی هۆشداریدا ڕایدەگەیەنێت، ئەو بنبەستە سیاسییە لەهەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکاریی پۆستەکان لەنێوان دوو حزبی دەسەڵاتدارو پێکهێنانی حکومەت ناگەڕێتەوە، بەڵکوو لەبنچینەدا بۆ شکستی فەلسەفەو ڕوانگەی دەسەڵاتدارێتی و بەسەرچونی شێوازی حوکمڕانی دەگەڕێتەوە. 


کۆمیتەی ناوەندیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبونی(622) ڕۆژ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا، هێشتا دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بەکراوەیی ماوەتەوە، نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، نە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک هێنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ناوچەکە بەهۆی کاریگەریەکانی شەڕو پێکدادان، ململانێ و ناسەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەکانەوە بەدۆخێکی ئاڵۆز تێپەڕ دەبێت، ئاشکرایە بەهۆی کەلەکەبونی کێشەکان و فراوانبونی مەودای لێکترازانی سیاسی و زەقترکردنەوەی ناکۆکییە لاوەکییەکان لەناوخۆدا، هەرێمی کوردستان لەگەڵ بنبەستی سیاسی، درێژەکێشانی ئەو ڕەوشە چەقبەستوەو لێکەوتەکانی کاری لەپێگەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان کردوە.

کۆمیتەی ناوەندیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، جەختیشی كردۆتەوە، بەتێڕوانینی ئێمە ئەو بنبەستە سیاسییە لەهەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکاریی پۆستەکان لەنێوان دوو حزبی دەسەڵاتدارو پێکهێنانی حکومەت ناگەڕێتەوە، بەڵکوو لەبنچینەدا بۆ شکستی فەلسەفەو ڕوانگەی دەسەڵاتدارێتی و بەسەرچونی شێوازی حوکمڕانی دەگەڕێتەوە. 

چارەسەریش دەخاتەڕوو و دەڵێت، بۆ دەربازبون لەبنبەستی سیاسی، بەر لەسازان و رێککەوتن لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەت، لەهەرێمی کوردستان پێویستمان بەلێکتێگەیشتن و تێگەیشتنی واقیعیانەیە لەگۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەو جیهان، بەڕوانگەیەکی هاوبەش و ئاراستەیەکی دروستی حکومڕانی و هەنگاوی بنیاتنانەرانەیە. 

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەسۆنگەی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیدا، هاوهەڵوێست لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە نیشتمانییەکان کار دەکات بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی کەشێکی لەبار و گرتنەبەری ئاراستەیەکی نیشتمانی کوردستانی و بەدەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک، لەو پێناوەدا جەخت لەسەر ئەم بنەمایانە دەکات.

یەکەم: پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەیی و دیموکراسییەکان.
دووەم: پاراستنی یەکڕیزیی کوردستانی و چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێم، لە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگی بەردەوام و بنیاتنانەرانە و سازانی نیشتمانی هاوسەنگ و بەلاداخستنی بەربەستەکانی بەردەم پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی بنکە فرەوان.
چوارەم: داڕشتنی ستراتیژێکی سیاسیی هاوبەش، کە ئەم تەوەرانە لەخۆ بگرێت:
1. داڕشتنی ڕوانگەیەکی نوێ بۆ حکومڕانی، کە پایەکانی هەرێم لە ڕووی دەستووری، یاسایی و دامەزراوەیی بەهێز بکات.
2. داڕشتنی سیاسەتێکی هاوبەش، بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووری عێراق. 
3. بەستنی کۆنفرانسێکی کوردستانی بۆ پرسی نەتەوەسازیی و نیشتمانسازیی و پەرەپێدانی دیالۆگی کوردستانی.
4. زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی پێکهێنانەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای پیشەیی و بێلایەنی و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان.
5. هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش دەست بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت.
6. گەڵاڵەکردنی سیاسەتێکی هاوبەش، لە پشتگیریکردنی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی کوردستان و چارەسەری ئاشتیانە.
لەكۆتایدا جەختیش دەكاتەوە، لەکاتێکدا کە عێراق بەقەیرانە فرە ڕەهەندەکانیەوە، بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەنگاو دەنێت، ناکرێ هەرێمی کوردستان بێ دەربەست، لە نێو بنبەستی سیاسی بخولێتەوە، دەربازکردنی هەرێم لەو ڕەوشەدا، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.