عەممار حەكیم پشتگیری لەدوو دۆسیەی چاكسازییەكانی زەیدیی دەكات

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 149 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق لەبواری دژایەتیکردنی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک ڕاگەیاندو جەختی لەگرنگیی پاراستنی سەروەریی یاسا کردەوە.


نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتەکە، پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەت لەکۆنترۆڵکردنی چەک دوپات کردەوەو ستایشی هەموو ئەو هەوڵانەشی کرد کە یارمەتیدەر بون لەبەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا.

جەختی لەوەشکردەوە، "کۆنترۆڵکردنی چەکی گروپەکان ڕاستییەکی دەستوری و یاسایی چەسپاوەو سازشی لەسەر ناکرێت".

هاوكات پشتگیریی خۆی بۆ رێڕەوی چاکسازیی حکومەت لەبەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دوپاتكردەوەو جەختی لەگرنگیی چڕبونەوە لەسەر "دۆسیە گەورەکان و نەخلیسکان بەرەو پرسە لاوەکییەکان کە وزە و کات بەفیڕۆ دەدەن و دەرفەت دەدەنە گەندەڵکارە گەورەکان بۆ دەربازبون لەلێپرسینەوە" کردەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، 28ـی حوزەیرانی 2026، یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لەگەندەڵی لەعێراق دەستیپێکردو کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری لێ کەوتوە.