بیناڵی یەڵدرم باس لەبژاردەكانی توركیا بۆ دژایەتی ریفراندۆمی هەرێم دەكات

کوردستان

23/09/2017‌ 925 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بیناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا باسی لەبژاردەكانی وڵاتەكەی بۆ دژایەتی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد، كە جەختیكردەوە، بڕیاری ریفراندۆم، بڕیارێكی هەڵەیە.

بیناڵی یەڵدرم ئەمڕۆ شەممە لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاند  "بژاردە ئەمنی، ئابووری‌و سیاسی بژاردەی توركیا بۆ دژایەتی ریفراندۆم، كە لەكاتی پێویست كامیان پێویستبێت دەگیرێتەبەر".

سەرۆك وەزیرانی توركیا راشیگەیاند بڕیاری رۆفراندۆم "بڕیارێكی هەڵەیە"، هەر لە سەرەتاوە هۆشدارییەكانمان بەدۆستانە وەك وڵاتێكی دراوسێ‌و وەك توركیا ئاراستەكردوون، بەڵام دەبینین ئەو هۆشدارییانەی ئەنجامیان نەبووە‌و سوورن لەسەر ئەم هەڵەیە".

یەڵدرم جەختیكردەوە، كۆتایی ئەم سووربوون‌و پێداگرییە لەسەر ئەم "هەڵەیە، كە هەموو جیهان‌و دراوسێكان لەدژی دەوەستنەوە، باش نابێت".

بینالی یڵدرم جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە گەورەترین ئارەزوویان ئەوەیە "برا كوردەكان لەتوركیا‌و وڵاتانی هاوسێی توركیا بەئاشتی‌و ئاسوودەیی‌و سەقامگیری بژین".

ریفراندۆمی هەرێم لە 25 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، كە توركیا دژایەتی خۆی بۆ راگەیاندووە، نایەوێت پرۆسەكە لەو وادەیەی دیاریكراوە ئەنجامبدرێت‌و داوای هەڵوەشانەوەی دەكات.

هـ ـ ح