گۆڕان لەدوو ریانێكی سەختدا

مەلەفی تایبەت

07/11/2017‌ 726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

(نەوشیروان مستەفا لەفنجانێك دا گەردەلولی ئە خولقاند، جێنشینەكانی گەردەلولێ ئە هێننەوە نێو فنجانەكە)
سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە هەنگاوی یەكەمیەوە، هەوڵدان بو بۆ تێپەڕاندنی شێوازی نەریتەوانی لە كاركردنی حزبیانە دا.

گۆڕان بزوتنەوەیەكی جەماوەریی بەرهەڵستكار و دژە سیستەمی حوكمڕانی حزبیانەی هەرێم بو. پایەكانی گۆڕان لەسەر سێ بنەمای گرنگ دا كوترابون: هاووڵاتی بون؛ گۆڕانكاری و حوكمەتی رەشید؛ دژایەتی گەندەڵی. بەمەش خۆی لە هەر چوارچێوەیەكی فكریی بەرتەسك و چەقبەستو رزگاركرد و بو بە یەكەمین حزبی كوردستانی كە لەسەر بنەمای دەنگی خەڵك و هەڵبژاردن كار بۆ گۆڕانكاری بكا.

لە ماوەی رابردوا، گۆڕان هێزی كاریگەر و بزوێنەری شەقام و داخوازی هاووڵاتیان بو. بەڵام هەست ئە كەین ئێستا لە دوو ریانێكی مەترسیدار و چارەنوسسازا گیری خواردوە:

رێگای یەكەم:
ئەوەیە كە ئێستا ئە گوزەرێ. خانەی راپەڕاندن، لە ئەنجامی پێكەوە نە گونجانی ئەندامەكانیا و لە غیابی دیدگای رۆشنیان بۆ پرسە سیاسیەكان و نە بونی هەڵوێستی شێلگیرانە و لێبڕاوانەیان بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانی و خولانەوەیان بە دەوری كێشەكانا و هەوڵ نە دانیان بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی خێرا و رۆشن و ئازایانە لە بەرامبەر كۆی پرسە سیاسیە گشتی و ناوخۆییەكانا، لە لایەك و، سەرگەرمیان بە كێشە و ململانێی نێوان خۆیانەوە، بزوتنەوەی گۆڕانیان بە دۆخێك گەیاندوە كە، لە هێزێكی بزۆز و خولقێنەری روداو و دەسپێشكەریی كاریگەرەوە، كردویانە بە هێزێكی پاسیفی بێ كاریگەر و بێ ئیرادە.

سەرەڕای ئەوانە، هەست ئە كەین وا خەریكە بزوتنەوەكە بە كاوەخۆ لە بزوتنەوەیەكی سیاسیی كۆمەڵایەتی بەرفراوانەوە ئە گۆڕێ بە بزوتنەوەیەكی تایبەت بە گروپێكی ئایدیۆلۆجیی دیاری كراو، بۆ گروپ و بژاردەیەكی سیاسیی دیاری كراو كە، تا دێ زیاتر لە فیكری دادپەرستی دور تر و لە قوتابخانە فیكریە مایەپوچەكەی حیزبە نەریتەوانەكانی مەنزومەی كوردایەتی نزیك تر ئە بێتەوە. ئەو حاڵەتە بە رونی لە پرسی ریفراندۆم و هەڵوێستەكانی دوای ریفراندۆم و لە گوتاری نوێی بزوتنەوەكە دا رەنگی داوەتەوە. 

لە ماوەی تەمەنیا، خانەی راپەڕاندنی گۆڕان جگە لە بەیاننامە و كۆبونەوەی بێ ئەنجام و هەوڵدان بۆ سنوردار كردن و لاوازكردنی گوتاری ئیعلامی گۆڕان و خاتر گرتنی پاڵەوانە موزەیەفەكانی كوردایەتی، هیچ هەنگاوێكی تری لێ نە بینراوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە نیگای زۆرینەی جەماوەر، تەنانەت هێزە سیاسیە ناوخۆیی و دەرەكیەكانیش لەسەر دواهەڵوێست و هەنگاوی بزوتنەوەكەیە. ئەو پاشەكشێیە لە كاری سیاسی دا، هاوشانی دوركەوتنەوەی خانەیە لە كاری دەستەجەمعی و راوێژ و گفتوگۆی ناوخۆیی كە كۆڵەكەیەكی گرنگی شێوازی كاركردنی كاك نەوشیروان بو. 

دواجار، هەست بە مەترسیەكی تریش ئە كەین كە بریتی یە لە بڕیاردانی تاكلایەنە و یەكلاكردنەوەی پرسە گرنگەكان بەبێ راوێژ و وەرگرتنی رەزامەندی جڤاتەكان و ژورەكان، بۆ نمونە: "دیاری كردنی كاندیدی سەرۆكایەتی هەرێم و لیستی كاندیدەكانی پەرلەمان و سەرۆكی لیست".

لە ئێستادا، بەم شێوازی بەڕێوەبردنە لە لایەن خانەی راپەڕاندنەوە، گۆڕان لە ساتەوەختێكی مەترسیدارایە كە ئەگەری داڕوخانی سیاسی و جەماوەری و لێكترازان و دوركەوتنەوەی هەڵسوڕاوە ئازاو جەسورەكانی لێ ئە كرێ.

سەرەتای سلبیانەی ئەم قۆناغە لە كۆنترۆڵ كردن و مۆنۆپۆڵ كردنی سەرجەم پۆستەكانی خانەی راپەڕاندن و بڕیاری بزوتنەوەكەوە بو لەلایەن گروپێكەوە، بە بێ گوێ گرتن بۆ دوا پێشنیاری نوسراوی كاك نەوشیروان لەسەر ئیدارەدانی بزوتنەوەكە كە، داوای كردبو بە بەشداری هەمو توانا و نەوەكان بێ.

رێگای دووەم:
دەربازكردنی گۆڕان و گەڕاندنەوەیەتی بۆ سەر سكە راستەقینە و كاریگەرەكەی خۆی. گۆڕانخوازان جگە لە هەڵبژاردنی ئەم رێگەیە هیچ ئاسۆیەكی تریان لە بەردەما نیە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستە گفتوگۆیەكی ناوخۆیی و راشكاو بۆ گەڵاڵەكردنی یەكێ لەم سیناریۆیانە دەس پێ بكا:

سیناریۆی یەكەم:
جڤاتی نیشتمانی بڕیار بدا پێش كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ یا لە مانگی كانونی دوەمی ٢٠١٨ دا هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان لە بنكەوە بۆ لوتكە (بە خانەی راپەڕاندن یشەوە) بكرێن، بە مەرجی رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ هەمو چالاكوان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان. دوای ئەوە ژورەكان و ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە بە گوێرەی دەستوری ناوخۆ سەر لە نوێ دابڕێژرێنەوە.

سیناریۆی دوەم:
جڤاتی نیشتمانی لیژنەیەكی پسپۆڕ پێك بهێنێ بۆ چونەوە بە دەستوری بزوتنەوەكە دا و نەهێشتنی ئەو خەلەلانەی لە كاتی جێبەجێ كردنا لە دەستورەكەیا دەر كەوتون. لەهەمان كاتا ئامادەكاری بكرێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی دوەمی بزوتنەوەكە پێش كۆتایی ٢٠١٧ یا لە مانگی كانونی دوەمی ٢٠١٨ دا، بۆ پەساندنی دەستوری نوێ و گفتوگۆ كردنی پرسی هاوپەیمانیی پێش هەڵبژاردن و بەرنامە و دروشمەكانی ئەو هاوپەیمانی یە.

سیناریۆی سێیەم:
ئەگەر یەكێ لەو دوو سیناریۆیەی سەرەوە نە هاتنە دی، سیناریۆی سێیەم بریتی بێ لە: 
"جڤاتی نیشتمانی لیژنە یا دەستە یا گروپی ئیدارەی قەیران، لە هەڵسوڕاوە شارەزا و بە ئەزمونەكان، پێك بهێنێ، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ لایەنەكان و جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی جڤات و راپەڕاندنی ئەركەكانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و یەكخستنی گوتاری سیاسی و میدیایی بزوتنەوەكە و، بەرپرسیار بێ لە بەردەم جڤاتی نیشتمانی دا. ئەندامانی خانەی راپەڕاندن یش، بە رێكخەری گشتی یشەوە، تا هەڵبژاردنی داهاتو، تەنها سەرقاڵی كارە كارگێڕیەكان بن و بۆ مەسەلە سیاسیەكان یش هاوكار و راوێژكاری گروپی قەیران بن.

مەحمود رەزا
هۆشیار عەبدوڵڵا
عەدنان عوسمان