كۆمسیۆن وه‌ڵامى داواكاریه‌كى بارزانى ده‌داته‌وه‌

کوردستان

27/03/2024‌ 4824 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو نوسراوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە 11ى ئه‌م مانگه‌ ئاراستەی کردن‌و تێیدا چەند سەرنج‌و تێبینییەکی خستبوەڕوو، ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجامداوه‌و بەنوسراوی فەرمی لەلایەن سەرۆکی کۆمسیۆنەوە وەڵامی نوسینگەی سەرۆکی هەرێم دراوه‌ته‌وه‌.

 
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌پارتیه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، نوسراوەکەی سەرۆکی هەرێم چوار تەوەری لەخۆگرتبوو، تێیدا داواکرابوو کۆمسیۆن بڕیارو ڕێکار لەبارەی ئەو تەوەرانە بدات‌و چارەسەریان بکات.
 
سه‌باره‌ت به‌تێبینییەکانیش غەلای وتویه‌تى:"یه‌كه‌میان نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر یەکێکیان بوه‌، کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 20%ی دەنگدەران پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە، دوه‌میش ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجەو ئەگەری زیادکردنی کورسییەکان بەشێوەیەک لەگەڵ دانیشتوانەکەی بگونجێت، سێیه‌میش پێشنیازکراوه‌ تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەدەستەی کۆمسیۆن‌و تەنها لەهەرێم بێت، چواره‌میش پەیوەستبوه‌ بەڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن‌و بەراوردکردنی ئەنجامەکان".
 
بۆ ئه‌وانه‌ش جومانە غەلای ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، کۆمسیۆن لەوەڵامدا وتویەتی، "بابەتی پەنجەمۆر دەکەوێتەسەر شێوازی وەرگرتنی پەنجەمۆرەکە لەکاتی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری، پەنجەمۆر بەگوێره‌ى دۆخی دەنگدەر دەگۆڕێت، دەکرێت ئامێرەکان پەنجەمۆری هەندێک کەس نەخوێننەوە کە نەخۆشیی شەکرەو نەخۆشیی پێستیان هەبێت، یان بەتەمەن بن‌و ئەوکارانە بکەن کە مادەی کیمیایی‌و پاککەرەوەیان تێدا بەکاردەهێندرێت، بۆیە ئەو پرسە پەیوەست نییە بەئامێری خوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە، هێندەی پەیوەستە بەدۆخ‌و پەنجەی دەنگدەرەکەوە".
 
به‌وته‌ى وتەبێژی کۆمیسیۆن، "خشتەیەکی تایبەت بەدەنگدەرانی هەرێمیان لەهەولێر، سلێمانی‌و دهۆک ئامادەکردوە کە لەهەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراقدا پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لەساڵی 2021دا لەهەولێر 742 هەزارو 550 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبوەو 20%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە، لەسلێمانی 883 هەزارو 423 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبوەو 20%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لەدهۆک 559 هەزارو 746 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبوەو 15%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە".