ئاڵای عێراق لەكەركوك خرایە نێو دەستی پەیكەری پێشمەرگەوە

عیراق

27/11/2017‌ 1492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەشاری كەركوك ئاڵای عێراق خرایە دەستی پەیكەری پێشمەرگەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی پێكهاتەی كوردی شارەكەی بەدوادا هات.

هاوكات لەگەڵ سەردانی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق بۆ ئەوشارە، ئەمڕۆ ئاڵای عێراق لەلایەن بەرپرسانی یەكەی ئیداری كەركوكەوە خرایە دەستی پەیكەری پێشمەرگەوە، كە پەیكەرەكە ڕەمزی پێشمەرگە‌و بەرەنگاری ئەو هێزە بوو لەدژی داعش لەكەركوك.

شارپرێس زانیویەتی ئەو كارە توڕەیی پێكهاتەی كوردی شارەكەی بەدوای خۆیدا هێناوە، وەك سوكایەتیكردن بەپیرۆزییەكانی گەلی كورد تەماشای دەكەن.

بەرلەڕووداوەكانی مانگی ئۆكتۆبەری شاری كەركوك ئاڵای كوردستان لەدەستی پەیكەری پێشمەرگەدا بوو، بەڵام دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئاڵای كوردستان لەدەستی پەیكەرەكەدا هێندرایە خوارەوە.
ڕ . ج