200 موشەک‌و درۆنی ئێران ئاسمانی هەرێم دەسوتێنن.. هەولێر هۆشداریدەدات‌و بەغداش بێدەنگه

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاسمانی هەرێم بەئاگری 200 موشەک‌و درۆنی ئێرانی دەسوتێت‌و بەغداش لەناو بێدەنگییەکی مەرگباردا، سەروەریی خاکەکەی بەقوربانیی تەسفییەحسابەکان دەکات، لەکاتێکدا تاران نەخۆشخانەکان‌و جەستەی پێشمەرگە دەکاتە ئامانج، هەولێر لەلێواری تەقینەوەدایەو کۆتا هۆشداریدەدات‌و ده‌ڵێت، چیتر بێلایەنی ناتوانێت پارێزگاریی لەو خوێنە بکات کە لەژێر سایەی پشتی تێکراوی هاوپەیمانەکان‌و خیانەتی ناوخۆییدا دەڕژێت.


ئامارێکی ترسناک و ئامانجە مەدەنییەکان
به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، تەنها لەپێنج ڕۆژی ڕابردودا، زیاتر لە200 موشەک‌و درۆن ئاڕاستەی هەرێمى كوردستان کراون، هێرشەکان تەنها بنکە سەربازییەکانی نەیارانی ئێرانیان نەکردە ئامانج، بەڵکو گەیشتنە ناو جەرگەی ناوچە مەدەنییەکان، لەوانە پێکانی نەخۆشخانەی ئازادی لەکۆیه‌و بەئامانجگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچەی دێگەڵە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕونە کە تاران چیتر جیاوازیی لەنێوان نەیارە سیاسییەکان‌و دامەزراوەکانی هەرێمدا ناکات.

بیانوی تاران‌و ڕاستییە مەیدانییەکان
ئێران بەردەوام هەرێم بەهەڕەشە بۆ سەر ئاسایشەکەی تۆمەتبار دەکات، بەڵام قەیرانەکە لەوە قووڵترە، سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد دەڵێن، هەرێم تەنانەت ڕێگەی بەوان نەداوە خاکەکەی بۆ هێرشی پیادەش بەکاربهێنن، چ جای هێزی دیكه‌، چاودێرانیش پێیانوایە، بیانوی بونی مۆسادى ئیسرائیلى، تەنها پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی ئامانجە ڕاستەقینەکە کە ئەویش چۆکدادان‌و لاوازکردنی هەرێمە لەڕوی سیاسیی‌و ئابورییەوە.

هاواری هەولێرو بێدەنگیی بەغدا
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەپەیامێکی تونددا داوای لەبەغدا کردوه‌ کە هەنگاوی جددی‌و یەکلاکەرەوە بنێت بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە، بارزانی هۆشداریدا، هەرێم ناتوانێت تا سەر بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ بێت.

لەبەرامبەردا، بەغدا تەنها بەلێدوانی دیپلۆماسیی گشتیی‌و جەختکردنەوە لەسەر بێلایەنی عێراق، کۆتایی بەهەڵوێستەکانی دەهێنێت، بێئەوەی هەنگاوی کردەیی بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسمانی هەرێم بنێت.

بژاردەکانی بەردەم هەرێم.. دیپلۆماسی لەجیاتی جەنگ
شارەزایان پێیانوایە، هەرێم نایەوێت‌و ناشتوانێت، بچێتە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە، بژاردەکانی ئێستای هەولێریش بریتین لەجوڵەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی به‌فشارخستنەسەر واشنتۆن‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داواکردنی سیستەمی بەرگریی، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی دژە موشەک بۆ پاراستنی ئاسمانەکەی، یەکخستنی ناوماڵی کوردی، له‌ڕێگه‌ى کەمکردنەوەی ئەو درزانەی کە وڵاتانی ناوچەکە بۆ دەستوەردان بەکاریدەهێنن.

هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژویی سەختدایە؛ لەلایەک نایەوێت ببێتە پارچەیەک لەئاگری ململانێ هەرێمییەکان، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ بێدەنگیی بەغداو توندبونی هێرشەکانی ئێران‌و لایه‌نگرانى له‌ناوخۆى عێراقه‌وه‌، ستراتیژی بێلایەنی خستوەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.

بەپەلە