شارپرێس:
ئەو لەنێو بۆنی شوکولاتەی (مینو) لەتاران لەدایکبوو، بهڵام لەلوتکەی تەکنەلۆژیای (سیلیکۆن ڤالی)دا گەورەبوو، دارا خوسرەوشاهی، ئەو ناوەی کە ترەمپ وەک کلیلە زێڕینەکەی دانوستان لەگەڵ ئێران وێنای دەکات، لهم ڕاپۆرتەدا پەردە لەسەر پەیوەندییە نهێنییەکانی ئەم ملیۆنێرەو ئەگەری گۆڕانی لەبازرگانێکی جیهانییەوە بۆ کارەکتەرێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە لادەبهین.
کاتێک دۆناڵد ترەمپ لەکۆبونەوەیهكدا ئاماژەی بەپیاوە نھێنییەکەی تەنیشتی کرد، جیهان تەنها بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (ئۆبەر)ی نەبینی؛ بەڵکو ترەمپ پەردەی لەسەر کارەکتەرێک لادا کە پێیوایە، کلیلە ڕاستەقینەکەی کێشەی ئێرانە، ترەمپ بەڕاشکاوی وتی، "دارا، تۆ دەبێت دانوستان بکەیت، تۆ لەهەموان باشتر دەزانیت!"، ئەم ڕستەیە تەنها گاڵتەیەک نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بوو لەتێڕوانینی کۆشکی سپی بۆ ئایندەی سیاسیی ئێران.
دارا خوسرەوشاهی تەنها کۆچبەرێکی سەرکەوتوو نییە؛ ئەو لەناو جەرگەی ئیمپراتۆرییەتی پیشەسازیی خوسرەوشاهی لەدایکبوە، ئەو بنەماڵەیەی پێش شۆڕشی 1979، شادەماری ئابوریی ئێران (مینو، تولیپرس، داروپەخش) بون، دارا عەقڵیەتێکی بازرگانیی جیهانی هەیە کە لەسەر بنەمای "قازانجو چارەسەر" کاردەکات، نەک دروشمی سیاسیی.
نزیکایەتی دارا لەترەمپ، لەسەر بنەمای سەرسامیی دولایەنەی هێزە، بۆ ترەمپ، دارا نمونەی ئەو ئێرانییەیە کە دەکرێت گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵدا واژۆ بکرێت، لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆنی کلاسیکی ئێران (وەک کوڕی شا) سەرقاڵی مێژون، دارا سەرقاڵی داھاتوە، ئەو تایبەتمەندییانەی دارای کردوەتە جێگەی بایەخ بریتین لهزمانزانیو کولتور، واته عەقڵیەتی ڕۆژئاواییو ڕەگو ڕیشەی ئێرانی، ههروهها سەرکەوتنی ئابوریی، واته توانای بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکی وەک ئۆبەر کە بودجەکەی لەچەندین وڵات گەورەترە، هاوكات بێلایەنی سیاسیی، ئەو لایەنگری هیچ پارتێکی سیاسی ئێرانی نییە، ئەمەش وەک کاندیدێکی سپی نیشانیدەدات.
ئەو دەنگۆیانەی باس لەئەگەر بونی دارا بەسەرۆکی داهاتوی ئێران دەکەن، بۆ ئهوه دهگهڕێنهوه كه بەشێکی زۆری گەنجانی ئێران لەسیاسەت بێزارنو بەدوای مۆدێلێکی تەکنۆکراتدا دەگەڕێن کە ژیانیان خۆشبکات، ههروهها دورخستنەوەی سێبەری کوڕی شاو پەنابردن بۆ کەسایەتییەکی وەک دارا، پەیامێکی ڕونە کە داهاتوی ئێران لەڕێگەی ئابوریو وەبەرهێنانەوە دەبێت، نەک تەنها گۆڕینی سیستەم.
ئایا دارا خوسرەوشاهی دەبێتە "ماکرۆن"ی ئێران؟ یان تەنها وەک ڕاوێژکارێکی سێبەر بۆ گۆڕانکارییەکان دەمێنێتەوە؟ ئەوەی ڕونە ئهوهیه، ترەمپ وەک کارتێکی براوە سەیری دەکات؛ پیاوێک کە دەتوانێت لەیەککاتدا هەم دڵی بازاڕە جیهانییەکانو هەم شەقامی ئێرانیش ڕابکێشێت.
