شارپرێس:
ئەو پیاوەی مەرگی نەسروڵڵای خوێندەوە، ئێستا خەریکی نوسینەوەی دوا دێڕەکانی مێژوی کۆماری ئیسلامییە، شێخ محەمەد عەلی حوسەینی کە بەسندوقە ڕەشەکەی شیعە دەناسرێت، تەنها پێشبینی ناکات، بەڵکو وەک ئەوەی نەخشەی ژورە داخراوەکانی تەلئەبیبو واشنتۆنی لەبەر دەست بێت، باس لەكاتژمێرى سفرو کوشتنی سەری مارەکە دەکات.
لەوەسیەتەکەی نەسروڵڵاوە بۆ كاتژمێرى سفری تاران
کاتێک شێخ محەمەد عەلی حوسەینی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بەحەسەن نەسروڵڵای وت، "وەسیەتنامەکەت بنوسە، ئەوانەی تۆیان كڕیبوو، ئێستا تۆیان فرۆشتوهتهوه"، زۆر کەس وەک شەڕێکی دەرونی سەیری قسەکانیان کرد، بەڵام کاتێک نەسروڵڵا لەژێر خەروارێک خۆڵو کۆنکرێتدا بوو بەمێژوو، جیهان تێگەیشت کە حوسەینی نەک تەنها پیاوێکی ئایینی، بەڵکو هەڵگری سندوقە ڕەشەکەی ئەو ژورە تاریکانەیە کە بڕیاری کوشتنی سەرکردەکانی تێدا دەدرێت.
ستراتیژی سەری مارەکە.. کۆتایی یاریی بریکارەکان
ئەو پیاوەی ئێستا لەناو جەرگەی بڕیاری سیاسیی کەنداوو ڕۆژئاوادا دەژی، سیناریۆیەکی مەترسیدار بۆ تاران دەخاتەڕوو، ئەو پێیوایە سەردەمی شەڕی وەکالەتو لێدان لەبریکارەکان واته (حزبوڵڵاو حەماس) کۆتاییهاتوە، ئێستا جیهان لەبەردەم قۆناغی لێدانی سەری مارەکەدایە، حوسەینی دەڵێت، "ئیتر تاران ناتوانێت لەپشت دیوارەکانەوە تەماشای سوتانی ناوچەکە بکات؛ ئاگرەکە گەیشتوەتە ماڵی خۆیان".
نەشتەرگەرییەکی ورد.. پلانەکە چۆن جێبەجێدەکرێت؟
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی حوسەینی دەریاندەخات، جیهان ناچێتە ناو جەنگێکی وێرانکەری کلاسیکییەوە لەگەڵ ئێران، بەڵکو نەخشەکە لەسەر سێ تەوەری بنەڕەتی کاردەکات، ئهوانیش، کوشتنی هەرەمی دەسەڵات، واته بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەییو بازنەی یەکەمی بڕیار بەدەستان، ئیفلیجکردنی ماسولکەکان، واته لێدانی هاوکاتو کوشندە بۆ هەموو فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، بەجۆرێک سوپا توانای فەرماندەیی لەدەستبدات، لهگهڵ وێرانکردنی ژێرخانی ئەتۆمی، ئهمهش بهواتاى لێدانی ئەو ناوەندانەی کە وەک هەڕەشەی کۆتایی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەکاردەهێنرێن.
ستافی نوێ.. حکومەتی ئامادەکراو لەدەرهوە
حوسەینی تەنها باسی جەنگ ناکات، ئەو باس لەدیوی دوای ڕژێم دەکاتو ئاشکرایدەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ستافێکی حوکمڕانیی نوێیان بۆ ئێران ئامادەکردوە، گروپێک کە توانای گۆڕینی ئاراستەی ئێرانیان هەبێت لەوڵاتێکی هەناردەکاری شۆڕشەوە بۆ وڵاتێکی ئاسایی کە لەگەڵ جیهان بگونجێت.
پرسیارە گەورەکە.. ئایا کاتەکە نزیکە؟
شێخ حوسەینی کە ساڵانێک لەناو ناوکی دەسەڵاتی شیعەدا ژیاوە، ئێستا وەک پەیامهێنی گۆڕانکارییە گەورەکان دەردەکەوێت، هەموو پێشبینییەکانی لەلوبنان یەک بەیەک ڕاست دەرچون، ئێستا چاوەکان لەسەر تارانن؛ ئایا شێخی سندوقە ڕەشەکە، ڕێکەوتی كاتژمێرى سفریش دەزانێت؟ یان تاران دەتوانێت لەم نەشتەرگەرییە گەورەیە ڕزگاری بێت؟
حوسەینی دەڵێت، "ئەوان نامێننو کەس ناتوانێت بیانپارێزێت"، ئەمە دوا هۆشداریی بوو بۆ پایتەختێک کە ساڵانێکە جیهان بەهێزی بریکارەکانی دەترسێنێت، ئێستا کە سەری مارەکە کەوتوەتە ناو نیشانشکێنەکان، جیهان چاوەڕێی دەنگدانەوەی ئەو تەقەیە دەکات کە شێخ حوسەینی دەمێکە گوێی لێیەتی، بەڵام ڕەنگە تاران کاتێک گوێی لێبێت کە ئیتر زۆر درەنگ بوبێت.
