جەعفەر عەلی
دەستپێک
هەر قسەکردن و لێکدانەوەیەک بۆ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بۆ ئێمەی کورد گرنگە لەو گۆشەنیگایەوە بخوێنرێتەوە، کە سیناریۆ چواەڕوانکراوەکانی جەنگ دەتوانن چی بەدوای خۆیاندا بهێنن، چی بە کورد ببەخشن، یان کورد دەکەوێتە کام گۆشەی کام سیناریۆیەوە. ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەوێت، لە ئەگەری کەوتنیدا، جوگرافیای ئێران هەڵدەوەشێتەوە، یان بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە، گەلان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران لەنێوان خواستی جیابوونەوە و مانەوەدا هەوڵ بۆ کامیان دەدەن، ئایا کۆتایی ئێران دەبێتە نمونەیەکی هاوشێوەی کۆتایی تەمەنی سیاسی یەکێتی سۆڤیەت و یۆگۆسلاڤیا، یان خاک و خەڵکەکەی بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی دەمێننەوە.
بێگومان گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی ئێران، هێندەی پەیوەندی بە فاکتەری دەرەکییەوە هەیە، هێندە فاکتەری ناوخۆ هێزی ڕەسمکردن و دیاریکردنی ئەو گۆڕانکارییەی بەبێ ئەو پشتیوانییە دەرەکییە نابێت. مەبەست بێ بەهاکردنی خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئێران دژ بە ستەمکاری نییە، هێندەی دۆخی هەبوو، بۆچوونێکی لەم جۆرە دێنێتە پێش. ئێران، دەوڵەتێکی فرەڕەنگ و فرەناسنامەی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییە، بەڵام ناسنامە و مەزهەبی دەسەڵاتدار، زمان و کولتوری فارسی و مەزهەبی شیعەیە. واتە سیستمی سانسۆر و قەدەغە لە ئێران، یەکێک لە کوشندەترین ئەو پەلامارانەیە کە دەکرێتە سەر ناسنامەی سیاسی و کولتوری جیاوازی ئەوانیدی.
بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی مودێرن لە ئێران، ئێرانیبوون وەک چەمکێکی جوگرافی و سۆسیۆ-سیاسی، لە ڕووی پراکتیکییەوە نەگۆڕاوە بۆ مانای مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکسان، مامەڵەی یاسایی و سیاسی دادپەروەرانە لەگەڵ بوونی جیاوازییەکان، هێندەی هەوڵدان بووە بۆ توانەوەی ئەویدی لەڕێی چەمکێکی بە ناوەڕۆک ساختەوە. ئێرانیبوون، لە کورتترین مانایدا، بریتیبووە لە سەپاندنی زمان و ناسنامەی فارسی بەسەر ئەوانیدیکەدا. لەگەڵ کەوتنی دەسەڵاتی پەهلەوییەکانیش، فۆڕمێکی دیکەی پەلاماردان زیادیکرد، کە بریتیبوو لە هەوڵدانێکی بەردەوام بۆ گەورەکردنی ڕووبەرەکانی شیعەگەرێتی و سەپاندنی فۆڕم و بنەما باوەڕی و نەریتییەکانی ئەو مەزهەبە بەسەر کۆی باوەڕ و مەزهەبەکانی دیکەدا. شەڕی دوازدە ڕۆژەی (١٣ بۆ ٢٤ حوزەیرانی ٢٠٢٥)، زەبری قورسی بە ژێرخانی سیاسی، پیشەسازی و تەکنەلۆجیای سەربازی، ئابووری و هێزی ئەتۆمی ئێران گەیاند، بەڵام ئێرانی وەک سیستم و دەوڵەت بە یەکگرتوویی هێشتەوە، هێشتنەوەیەک بۆ هەمیشە نا، بەڵکو تا خولێکی دیکەی دەستپێکردنەوەی جەنگ.
ترەمپ، پاراستن لەبەرامبەر پارە
جەنگی دوازدە ڕۆژە، دەستکەوتی زۆری لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل هێنا، لە سەرووی هەموویانەوە ڕەنگە ئەوە بێت، ئەو ڕاستییەی بە یار و نەیار گوت، ئێران ئەو سەرزەمینە بەهێزە نییە، لەبەردەم تەکنەلۆجیای سەربازی و هەواڵگری نوێدا توانای خۆپاراستنی هەبێت. یەکەم ڕۆژی دەستپێکی جەنگ، پێیگوتین، ئێران لە ڕووی هەواڵگرییەوە تا چ ئەندازەیەک لە ناوەوە فشۆڵ و پر کەلێنی گەورەیە. جەنگی ئەمجارە، کە درێژکراوەی هەمان جەنگی دوازدە ڕۆژەیە، جگە لە دووبارە سەلماندنەوەی ڕاستییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی جەنگی پێشوو، پێدەچێت هەڵگری ئەگەری گۆڕانی گەورەتر و سیناریۆی جیاوازتریش بێت.
لەوانەیە بۆ هەر کەسێک چاودێرییەکی کەمی سیاسەتی ترەمپی لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی و ساڵێک و چەند مانگی خولی دووەمیشی کردبێت، باشتر ئەو ڕاستییە تێبگات، کە کەسایەتی ترەمپ ناچێتە ژێرباری هیچ جۆرێک لە خوێندنەوە و شیکاری زانستی سیاسییەوە، چونکە کەسایەتی ناجێگیر، کەسایەتی پۆپۆلیست و خودشەیدا، قورسە بخرێتە نێو بازنەی هەڵسەنگاندنی سیاسییەوە. بۆ ترەمپ، زۆر ئاساییە ئەو کاتەی وەک قارەمان پێناسەت دەکات، چەند خولەکێک دواتر وەک ترسنۆکێکی مێژوو ناوت بهێنێت. ترەمپ، لەو کەسایەتییانەیە، جگە لەوەی حەزێکی زۆری بۆ تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسیدا هەیە، تا دوا ڕادەش بە خودی خۆی، کارەکانی و بڕیارەکانی خۆی سەرسامە، هەڵگری ئیگۆیەکی قوڵ و بە شەیتانکردنی هەر کەسێکە بە دڵی ئەو جوڵە نەکات، یان ملکەچی ئەمر و نەهییەکانی ئەو نەبێت. بەکورتی ئەو، سیاسییەکی بازرگانە و لەڕێی سیاسەتەوە خەریکی کاری بزنس و دەستکەوتی ماددییە. هیچ کاتیش ئەو ڕاستییەی نەشاردۆتەوە، تێزی (پاراستن لە بەرامبەر پارە، دەتپارێزم و پارەم پێبدە)، دەکرێ وەک چەقی سیاسەت لای ترەمپ ببینرێت.
سیناریۆکانی جەنگی نوێ لە ئێران
جەنگی ئەمساڵ، جیاوازتر لە جەنگی ساڵی ڕابردوو، سەرزەمین و دەسەڵاتی لە ئێران خستووەتە بەردەم ئەگەر و سیناریۆی جیاجیاوە. هەر یەکێک لەو سیناریۆ جیاوازنەش بە ئەندازەی بڕیاری خێرا و ناجێگیر و لە ناکاوەکانی ترەمپ ئەگەری ڕوودانی دەبێت.
سەرەتا جیاوازییەکی گرنگی ئەم خولی دووەمی جەنگە، بریتییە لە لێدان لە مەرجەعی باڵا و لوتکەی بڕیار لە ئێران، واتە کوشتنی ڕابەری باڵای ئێران، خامنەئی. کوشتنی خامنەئی، واتە کەم تا زۆر، دروستکردنی بۆشایی لە بڕیاری سیاسی بێ ڕەتکردنەوە، واتە دروستکردنی کەلێنی سیاسی گەورە لەنێوان پنتە باڵاکانی بڕیاردان لە دیارنەمانی مەرجەعدا. مەرجەع بۆ سیستمی سیاسی لە ئێران، بە مانای کۆکردنەوە و کورتکردنەوەی دەسەڵات و بڕیار بوو لە دەستی کەسێک بەبێ پەنابردن بۆ هەڵبژاردنی جەماوەری و ڕای خەڵک، واتە ئەو دەسەڵاتە باڵایەی بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی پێشوەختەی ئەو، کەسێک هێزی ئەوەی نابێت لەڕێی دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنیشەوە بگات بە پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆک کۆمار، یان سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و هەر پۆستێکی باڵای دیکەی لەم شێوەیە.
ئێستا ئێرانی بێ مەرجەعی باڵا، ئێرانێک، بەشی گەورەی ژێرخانی سیاسی و سەربازی یان لەدەستداوە، یان بێ کاریگەری کراوە، کەوتووەتە بەردەم ئەگەری سیناریۆی جیاوازەوە، کە دەکرێ بەم جۆرە دەستنیشان بکرێن.
سیناریۆی یەکەم: بە تەواوی کەوتنی سیستم و گۆڕینی بە دەسەڵات و سیستمێکی نوێ، بەبێ بەشداری ئەو کارەکتەرە سیاسی و سەربازییانەی ئێستا لەنێو سیستمەکەدا خاوەن هێز و دەسەڵاتن.
سیناریۆی دووەم: دووبارەکردنەوەی مۆدێلی ڤەنزوێلا، واتە مانەوەی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێنانی بەشێک لەو کارەکتەرە سیاسی و سەربازییانەی ئێستا بەشێکن لە دەسەڵات، کە دەشێ کارەکتەری پێشتر لەنێو سیستمەکەوە ئامادەکراوبن و جێگەی باوەڕ و وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بن. لە ڤەنزوێلا، بڕیاربەدەستی یەکەم دەستگیرکرا، لە ئێرانیش کوژرا.
سیناریۆی سێیەم: دووبارەکردنەوەی مۆدێلی خومەینی و هێنانەوەی بۆ ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، واتە ئامادەکاری بۆ دروستکردن و هەڵبژاردنی کارەکتەری دەسەڵات لە دەرەوە و ڕاپەڕین لە ناوەوە. وەک چۆن لەڕێی ڕاپەڕینی جەماوەری شارەکانەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی حەمە ڕەزاشای پەهلەوی هێنرا و، خومەینی دوای ١٤ ساڵ لەژیانی ئاوارەیی، لەوڵاتی فرەنساوەو بەفڕۆکەی فرەنسی، گواسترایەوە بۆ تاران.
لەیەکەم گوتاری گەڕانەوەیشیدا لەنێو پێشوازییەکی چەندین ملیۆنی لە بەهەشتی زەهرا، کەوتنی سیستمی شاهەنشاهی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەم مۆدێلە، واتە هێنانی کەسایەتی، یان سیاسییەکی ئامادەکراو لە وێنەی خومەینی، لە دەرەوەی سەرزەمینی ئێرانەوە بۆ تاران، کە دەشێت ئەم جارە سیناریۆکە ڕێک پێچەوانە بێتەوە، ئەگەر لە ١٩٧٩ خومەینی بە فڕۆکەی ئەوروپی هێنرایەوە بۆ تاران، ئەمجارەیان کوڕی هەمان حەمە ڕەزاشا بە فڕۆکەی ئەمریکی لە تاران و لەنێو پێشوازی ئێرانییەکاندا، بخرێتە سەر کورسی بڕیار و دەسەڵات و سیستمی شاهەنشاهی زیندووبکرێتەوە. ئاماژەکانی ئەم سیناریۆیە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ئەم جەنگەوە لەسەر زاری ترەمپ و ناتانیاهۆ، چەندینجار دووبارە کراوەتەوە، بەڵام لە ئەگەری ڕوودانی سیناریۆیەکی وەهادا، مەرج نییە بازەکە تەنها بۆ سەری حەمە ڕەزاشا بگەڕێت، تا بەسەر سەرییەوە بنیشێتەوە.
سیناریۆی چوارەم: دەشێ لە دەرەوەی بنەماڵەی پەهلەوی بیر لە کەسایەتی، یان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە وێنەی موجاهیدی خەڵق بکرێتەوە، بە مەرجی پێشوەختەی پاراستنی بەرژەوەندی ئەمریکا و داننان بە بوونی ئیسرائیل.
سیناریۆی پێنجەم: مۆدێلی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و یوگۆسلاڤیا، واتە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی جوگرافیا و دابەشبوونی ئێران لەسەر بنەمای نەتەوەیی. ئەوکاتە کوردستان، ئازەربایجان، سیستان و بلوجستان، خوزستان و هەندێ سەرزەمینی دیکەیش لەسەر بنەمای نەتەوەیی هەوڵ بۆ دابەشکردنی جوگرافیای یەکگرتوو بدەن.
سیناریۆی شەشەم: مۆدێلی جیاوازی تر لە نمونەی مۆدێلی چیکۆسلۆڤاکیا، تەیموری خۆرهەڵات، سودان، واتە جیابوونەوەی ئارەزوومەندانەی بەبێ توندوتیژی و خوێن، وەک چۆن دەوڵەتی چیکۆسلۆڤاکیا، بە ڕەزامەندی و بەبێ توندوتیژی بوو بە دوو دەوڵەتی چیک و سلۆڤاک، یان تەیموری خۆرهەڵات دوای ڕاپرسی، بە چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەوایەتی جیابوونەوەی لە ئەندۆنیسیا وەرگرت و بوو بە یەکەمین دەوڵەتی سەربەخۆ لە سەدەی بیست و یەکدا (ئایاری ٢٠٠٢ )، یان باشوری سودان بەهۆکاری پەراوێزخستنی سیاسی و ئابووری، جیاوازی ناسنامە و ئایین و کولتور، بە ڕەزامەندی هەردوولا لە بەشی باکوری جیابوویەوە (٢٠١١).
سیناریۆی حەفتەم: دوورنییە، ئەمریکا لە ناوەوەی هێزی سوپایی و سەربازی ئێراندا، شانە و گروپی تایبەتی بۆ ئەنجامدانی کودەتا دروستکردبێت. ئەگەری ڕوودانی کودەتا، واتە گۆڕینی دەسەڵات بە کۆمەڵێک دەموچاوی نێو هەمان سیستەمی سیاسی و سەربازی، بە مەرجی ملکەچی و گوێڕایەڵی بۆ ئەمریکا و جێبەجێکردنی خواست و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
سیناریۆی هەشتەم: وەک چۆن ئەگەری پەیوەندی ژێر بە ژێری ئەمریکا لەگەڵ بەشێک لە باڵی سەربازی ئێراندا هەیە بۆ ئەنجامدانی کودەتا، هەمان ئەگەریش بۆ پەیوەندی نێوان ئەمریکا و باڵی ڕیفۆرمیستەکانی ئێران دەبێ لەبەرچاو بگیرێت. واتە ئەم باڵەی ئێران دەشێت بە قازانجی مانەوەی ئێران و ڕزگارکردنی لە ئەگەر و مەترسی هەڵوەشان و کەوتنی تەواو، هەم لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندیدا بن، هەم لە ناوەوەی ئێراندا لە پەیوەندی و گفتوگۆدا بن، بۆ هێشتنەوەی سیستم و دەسەڵات، بە مەرجی هەندێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە گوتاری سیاسی و ستراتیژی دەوڵەت و وەڵامدانەوەی بەشێک لە خواستەکانی ئەمریکا. ئەم سیناریۆیە هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ ئێرانیش سوودبەخش دەبێت. ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی سەرەتای جەنگەکە، کە بە کوشتنی ڕێبەری باڵا، بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییەکانی ئێران دەستیپێکرد، کە سەرجەمیان لە باڵی توندڕەوی ڕژێم بوون، هەمانکات ڕیفۆرمیستەکان لەم پاکتاوکردنە فیزیکییە پارێزراو بوون، ڕەنگە زیاتر سەرنجەکان بەرەو ئەم سیناریۆیە ببات.
سیناریۆی نۆیەم: لە گۆڕینی ڕیشەیی، یان نیمچە ڕیشەیی سیستمی سیاسی ئێستادا، هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فیدڕاڵی، یان ناناوەندی، هەر فۆڕمێکی دیموکراسی و ئیداری، کە نەتەوە و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکانی ئێران خۆیان لەسەری ڕێکبکەون و توانای پاراستن و ڕێزگرتن لە ناسنامە و بوونی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری جیاوازییەکانی هەبێت.
کورد لەنێو ئەزموونەکانی مێژووی ئێراندا
ئەگەر بەشێک لەو سیناریۆیانەی خرانەڕوو ڕووبدەن بە قازانجی دیموکراسی، بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و پرسی ڕێزگرتن لە جیاوازی ناسنامەی جیاواز تەواو دەبێت. ڕاستە ڕەنگە کۆی سیناریۆکان لە ئاستی ئەو مافانەدا نەبن، کە نەتەوەیەکی وەک کورد دەبێت هەیبێت، بەڵام لەنێوان هەموو شتێک، یان هیچ، بێگومان گەیشتن بە بەشێک لە ماف بۆ خۆی دەبێتە دەستکەوت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کورد خاوەنی حیزبی سیاسی جیاواز، پاشخانی ئایدیۆلۆژی و فیکری جیاوازن. لە ڕووی ئامادەیی لەنێو جوگرافیا و پێگەی هێز و چەکدارییەوە، ڕەنگە هێز و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر ڕووداوەکانی ناوەوەی ئێران، نووسینەوە و دیاریکردنی نەخشەی دواڕۆژی وڵاتەکەوە نەبێت، بەڵام لە ڕووی پێگەی جەماوەرییەوە، توانای کۆنتڕۆڵی جوگرافیای کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەبێت، واتە هێزێکی گرنگی جەماوەری و کۆمەڵایەتین و دەتوانن لەنێو ملیۆنان کوردی ڕۆژهەڵاتدا، چ لە ناوەوەی ئێران، چ لەنێو ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵات، کە لە تاراوگەدا ژیان دەکەن، لە ڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە کاریگەری دابنێن.
لە ئاستی کوردیدا، کورد، کاتێک دەتوانێت سوود لەو هێزە کۆمەڵایەتییە وەک ڕەگەزێکی کاریگەر لەنێو سیناریۆکانی ئێران وەربگرێت، کە یەکگرتوو بێت، بە قسەی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی بکەن، ئیتیفاق بکەن و ڕێکبکەون، توانای دروستکردنی گوتاری هاوبەش و ستراتیژی نەتەوەیی بۆ ئێستا و ئایندەیان هەبێت. ئێمە دەزانین، هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەسەڵاتی ئێران، یەکێک لە ڕێکخراوترین هێزەکانی ئێرانن، بەڵام خاوەنی پاشخانێکی مێژوویی دڵخۆشکەر نین لە ڕووی کاری بەیەکەوەیی. دابەشبوون و ناکۆکییەکانیان لەوە گەورەترن بتوانن لە ڕووی ستراتیژی نەتەوەیی و بەرهەمهێنانی گوتاری هاوبەش و کاری ئایندەیی لە دەوری یەک مێزی سیاسی و بەرژەوەندی باڵادا کۆببنەوە، هێندەی بەرژەوەندی و ئاراستە فیکرییە بچووکەکان لەتیکردوون، هێندە خەم و ستراتیژە باڵا نەتەوەییەکە یەکینەخستوون.
لە ئاستی ئێرانیشدا، کورد لە ڕۆژهەڵات، بە درێژایی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، ئەزموونی مێژوویی و سیاسی کاری هاوبەش و بەیەکەوەیی لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێراندا هەیە، بەشێکی گرنگی ئەو ئەزموونانەش بۆ ئێمەی کورد لە ڕووی گەیشتن بە مافی سیاسی و کولتوری، ئەزموونی بێ بەرهەمن. لەو ماوەیەدا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینی جیاواز لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریانهەڵداوە، جگە لە شۆڕشی دەستوری و دامەزراندنی ئەنجومەنەکانی شارە کوردییەکان، ڕاپەڕینی گەیلان (جەنگەڵییەکان) بە ڕێبەرایەتی میرزا کوچک خان، ڕاپەڕینی ئازەربایجان بە سەرکردایەتی شێخ محەمەد خیابانی، ڕاپەڕینی خوراسان بە سەرۆکایەتی محەمەد تەقی خان و ڕاپەڕینی کوردستانیش بە ڕێبەرایەتی سمکۆی شکاک سەریانهەڵداوە. خیابانی لە حوزەیرانی ١٩٢٠، لە ئازەربایجان حکومەتی نیشتمانی ڕاگەیاندبوو، ئازەربایجانی ناونابوو (ئازادیستان)، لە گەیلانیش، میرزا کوچک خان، هەمان هەنگاوی نابوو. کورد هەم لە شۆڕشی دەستوری و هەم لە بزووتنەوەی جەنگەڵییەکاندا، بەشداری گرنگی هەبوو، بەڵام سەرەنجام، تایبەت دوای سەرکەوتنە یاسایی و دەستورییەکانی شۆڕشی دەستوری، هیچ مافێکی سیاسی و کولتوری بۆ کورد نەسەلمێنرا و لە دەستوردا جێی نەکرایەوە.
وێڕای ئەمانە، لە تازەترین بەشداری کورد هاوشانی گەلانی ئێران لە ڕوخاندنی سیستمی حەمە ڕەزاشادا، دیسان کورد، چ وەک حیزبە سیاسییە کوردییەکانی، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئێران، چ وەک هێزی جەماوەری بەرفراوانی شارەکان، بەشدارییەکی گرنگیان لە سەرخستنی ڕاپەڕینی جەماوەری شار و کەوتنی سیستمی شاهەنشاهیدا کرد. کوردەکان بەشێوەیەکی فراوان بەشداریان لە خۆپیشاندان، مانگرتن و داخستنی فەرمانگەکانی دەوڵەتدا کرد وەک هەوڵدانێک بە بەدەستهێنانی مافەکانیان و هاودەنگییەکیش بۆ سەرخستنی ناڕەزایەتییەکانی تاران و شارەکانی دی، بۆ ئەم مەبەستەش شارەکانی سنە، مەهاباد، کرماشان و سەقز و زۆر شاری دیکەیش، بەشداری گەورەیان لەو ناڕەزایەتییانەدا کرد. جگە لەمانە، پێکهێنانی لیژنە و ئەنجومەنە میللییەکان لەلایەن کوردەکانەوە بۆ ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دوای نەمانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، پەراوێزێک لە مافی خۆبەڕێوەبەری بە کوردەکان بەخشیبوو. بەڵام دوای گەڕانەوەی خومەینی لە فرەنسا و کەوتنی تەواوی دامەزراوەکانی سیستمی شاهەنشاهی، دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و گۆڕینی سیستمی شانسینی بە دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی ئیسلامی شیعی، جارێکی دی، کورد کەوتەوە نێو خولانەوە لەنێو هەمان بازنەی ڕابردوودا. هەموو شتێک لە ئێران گۆڕا، جگە لە یەک شت نەبێت، ئەویش درێژەکێشانی هەمان داننەنان بە بوونی سیاسی و کولتوری کورد بوو، بەڵام ئەمجارەیان لە فۆڕمە ئیسلامییە-مەزهەبییە شیعەگەرێتییەکەیدا.
کورد لەنێو سیناریۆکانی جەنگی ئێستای ئێراندا
ئەزموونی ئەم جەنگەی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە جەنگی دوازدە ڕۆژەی ساڵی ڕابردووی نێوانیان جیاوازتر دەردەکەوێت. جەنگی ئەمجارە هەم توندتر، هەم بەسەر سیناریۆی جیاوازتردا کراوەیە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئامادەیی کورد لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، لەبەردەم ئەگەری سیناریۆ جیاوازەکاندا، لە چ ئاستێک دایە. ئایا کوردانی ڕۆژهەڵات بەرنامە و پلانیان چییە، دەبن بە بەشێک لە ڕووداوەکانی جەنگ، یان تا کۆتایی وەک تەماشاکەر دەمێننەوە و چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەن. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە ئێران، ئەوانەی ئێستا لە هاوپەیمانێتییەکی سیاسیدا کۆبوونەتەوە، وەک خۆیان ڕایانگەیاندووە، بڕیاری سیاسی و سەربازی هاوبەشیان دەبێت، ئایا ئەم هێزی بڕیاردان و هاوبەشییەیان تا کوێ بەردەوام بێت. ئایا لە دۆخی گۆڕانکاری ڕیشەیی سیستمی سیاسی ئێراندا، ئەو هێزانە تا چەند دەتوانن لە کاری هاوبەش و بەیەکەوەییدا سەرکەوتووبن، ئایا بەرژەوەندییە بچووکە حیزبی و کەسییەکان جارێکی دیکە جێگە بە بەرژەوەندییە باڵا و ستراتیژییە نەتەوەییەکان لێژ ناکەن، وەک چۆن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەی بەرەی کوردستانی، وەک ناوەندی بڕیاری سیاسی هاوبەش لەنێوان هێزە کوردستانییەکاندا پێکهێنرابوو، بەڵام هەر زوو دوای ڕاپەڕین بەرژەوەندییە بچووک و حیزبی و بنەماڵەییەکان، زۆر دەستکەوتی گەورەی ستراتیژی و نەتەوەییان کردە قوربانی. بێگومان ئەم گومان و پرسیارانە لەوەوە سەرچاوە ناگرن، ئومێدمان بە جوڵەی هاوبەشی هێزە کوردییەکان نەبێت، بەڵام نابێت کوردانی ڕۆژهەڵات، لەسەر بنەمای هاوپەیمانێتی و بەیاننامەی هاوبەشدا، بیرکردنەوە و گومانە سیاسییەکانی خۆیان لەدەست بدەن و بە ڕەهایی بوونی خۆیان ڕادەستی دروشم و بەیاننامەکان بکەن. گومان و پرسیار بەرهەمی ئەو ئەزموونە مێژوویی و سیاسییەیە، کە پڕیەتی لە ناکۆکی، ناتەبایی و بەریەککەوتنی خوێناوی، ئەزموونێکی ناشیرین ئەم هێزانە تێیدا ژیاون و یەکتریان نەفی کردووەتەوە.
لە دۆخی ڕوودانی هەر سیناریۆیەک لە ئێران، ئەگەر ئەم سیناریۆیە بە قازانج، یان زیانی کورد بێت، هیچ شتێک، جگە لە کاری بەیەکەوەیی و یەکگوتاری سیاسی، ناتوانێت خزمەت بە پرسی مافە سیاسییەکانی کورد بکات. گەورەترین دڵنیایی بۆ کورد لە ڕۆژهەڵات، بەهێزکردنی هەرچی زیاتری سەنگەری کوردستانی و سەرزەمینی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بەدەر لەوە لە قۆناغی ئێستادا، هیچ بەڵێن و هێزێک، نە نێودەوڵەتی، نە ناوچەیی و نە لە ناوەوەی ئێراندا، ناتوانێت دڵنیایی بە نزیکبوونەوەی کوردانی ڕۆژهەڵات لە مافە سیاسی و کولتورییەکانیان بدات.
ئەزموونە مێژوویی و سیاسییەکانی ڕابردووی کورد، لە کاری هاوبەش و بەیەکەوەیی لەگەڵ گەلانی ئێراندا، ئەزموونی شکستخواردوون، ئەزموونێکن بەشبەحاڵی خۆم هیوای ئەوەمان دەخواست، بیتوانیبا برایەتی نێوان کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران بەهێز بکات، بەڵام نەیکرد. چەمکی برایەتی و هاوبەشی کوردی تا ئەو شوێنە قبوڵ کراوە، تا پێگەی دەسەڵاتی نوێ بەهێزکراوە و توانای لێدان لە بوونی کوردی هەبووە، ئیدی دوای ئەوە، دەسەڵاتی نوێ، یان ئەوانەی پشتیوانی دەسەڵاتی نوێیان کردووە، لە ژێر ناو و ناونیشانی جیاوازدا، لە قۆناغێکی نوێدا، درێژەیان بە هەمان ڕەفتاری سیاسی و نکوڵی لە بوونی کورد لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی داوە. ئەوان لەسەر کورسی دەسەڵات و بڕیار دانیشتوون و کوردیش گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و دەستپێک، بەڵام لە بەرامبەر دەسەڵات و سیستمێکی گۆڕاو لە ڕووی فۆڕمەوە، نەک ناوەڕۆک. ناو گۆڕاوە، کارەکتەری سیاسی گۆڕاوە، بنەماکانی کاری سیاسی، ئیداری، یاسایی و دەستوری گۆڕاون، بەڵام ئەوەی نەگۆڕاوە ئەو جەوهەرەیە، لە ڕۆژگاری ڕەزاشای پەهلەوییەوە بۆ خامنەئی، نکوڵی لە بوونی سیاسی و کولتوری زیاتر لە دە ملیۆن مرۆڤی کورد لەو بەشەی کوردستاندا دەکات، واتە لە کۆی گۆڕانکارییە سیاسی و ڕیشەییەکانی مێژووی ئێراندا، هەموو شتێک قابیلی گۆڕانە، یەک شت نەبێت، ئەویش ئەو میتۆد و تێزە دژە ئازادی و دژە کوردییەیە، کە ناتوانێت کورد وەک بوونێکی جیاواز لە خۆی پێناسە بکات. بۆیە گرنگە کورد، بە دوورکەوتنەوە لە وروژاندنی بابەتی ڕاسیستی و بە شەیتانکردنی ئەویدی، بە هەموو هێزی ناوەکی خۆیەوە، تواناکانی یەکبخات و پێ لەسەر زۆرترین ماف دابگرێت، تا بتوانێت بەشێکی گرنگی بەدەست بهێنێت.
ئەنجام
ئێران بە ئەگەری زۆرەوە وەک جوگرافیا دابەش ناکرێت، هیچ ئەجێندایەکی سیاسی و پلانێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ ئەم دابەشکردنە بوونی نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە پێشگرتنە بە دابەشبوون. بۆیە ئەوەی کورد دەبێت وەک گۆڕەپانی یارییەکە بیبینێت، لە ئێستادا جوگرافیا گەورەکەی ئێرانە، لەنێو ئەو جوگرافیایەوە لەڕێی یەکخستنی توانا ناوەکییەکانی خۆی شەڕی بەدەستهێنانی زۆرترین بەرژەوەندی نەتەوەیی بکات.
جگە لەوە گرنگە کورد، لە هیچ بارێکدا، نە لە ڕووی میدیایی، نە لە ڕووی سەربازییەوە، بە ئاشکرا نەبێتە بەشێک لە شەڕ، دۆخی کوردی زیاتر ئەوە دەخوازێت بچێتە دۆخی چاوەڕوانییەوە و هەنگاو بە هەنگاو سەرنج لە قەبارەی هاوکێشەی جەنگەکە و هاوسەنگی نێوان لایەنەکانی جەنگ بدات، چونکە مەرج نییە تەنانەت ئەگەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامیش بکەوێت، سیستمی نوێ، دەسەڵاتێکی دیموکراسی و دادپەروەر بێت، بە یەکسانی دان بە بوونی ماف و ئازادی جیاوازییەکاندا بنێت. هەر خودی جەنگ بە خاتری ئازادی و مافی گەلانی بندەستی ئێران نییە، دەشێ ئەنجامەکانی بەو ئاراستەیدا بڕوات و گەلانی ئێران بە کوردیشەوە تێیدا سوودمەند بن، بەڵام لە جەوهەریدا جەنگ بۆ ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤە بندەست و ستەملێکراوەکان نییە.
لە حاڵەتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری شارەکان و خەمڵینی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوەوە، وەرگرتنی جۆرێک لە دڵنیابوونەوە لە دەرەوە، کورد دەتوانێت لە هەر پێکهاتەیەکی دیکەی ئێران ئاسانتر، ناوچە کوردستانییەکان ئازاد بکات و کۆنتڕۆڵی شارەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی بکات. لە دۆخێکی وەهادا، کورد لە هەندێک شاردا بەرکەوتنی هەستیاری لەگەڵ پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی جیاوازدا دەبێت. بۆ نمونە، لە شارێکی وەک ئورمییە، پێکهاتەی نەتەوەیی وەک کورد، ئازەر، ئاشوری و ئەرمەن، پێکهاتەی ئایینی وەک موسڵمانی سوننە، موسڵمانی شیعە، مەسیحی بوونی هەیە. لە دۆخی لەم شێوەیەدا دەبێ هەرچی زیاتر لە گوتاری پەڕگیر و دەمارگیری نەتەوەیی، کە خزمەت بە بەیەکەوەژیان ناکات، دووربکەوێتەوە. ناشێت ئەو زمانە سیاسییەی لە مەهاباد قسەی پێدەکرێت، هەمان ئەو زمانە بێت کە لە ئورمییە قسەی پێدەکرێت. ئەزموونی یەکەم بەریەککەوتن لەگەڵ جیاوازییەکان بۆ هەر دەسەڵاتێک دەتوانێت بۆ دەیانساڵ متمانە دروست بکات.
کۆی ئەزموونەکانی مێژووی ئێران، سیناریۆ سیاسییەکانی ڕابردوو لەو وڵاتەدا پێماندەڵێن، زامنی سەرخستنی پرسی کورد، یەکدەنگی و یەکگوتارییە، کاری هاوبەش و ستیراتیژییە بە ئامانجی دەستکەوتی نەتەوەیی، بەبێ ئەوەی لە بوون و پێگەی هیچ نەتەوە و گەلێکی دی کەم بکرێتەوە. بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی سەرەتاش وەک دەستکەوتی کوردستانی هەمووان بمێننەوە، دەبێت ڕۆحی متمانە و ڕاستگۆیی، نیشتمانسازی و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەویدی، بەهێز بکرێت. ڕاپەڕین و شۆڕش، دەکرێ لە قۆناغی یەکەمدا دەستکەوتی هەبێت، بەڵام ئەگەر جەماوەر بە گومان و پرسیارەوە مامەڵە نەکات، بێ بیرکردنەوە خۆی ڕادەستی هەموو دروشم و لێدوانێکی سیاسی و کارەکتەری پیرۆز بکات، هەر خۆی نادۆڕێنێت، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە دۆڕاندنی ئەو دەستکەوتانەش، کە لە قۆناغی یەکەمی سەرکەوتندا بەدەستهاتوون.
