ژماره‌ى كوژراوانى سوپاى ئه‌مریكا به‌رزبوه‌وه‌

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) دانی بەوەدا نا کە ژمارەی کوژراوانی لەهێرشە تۆڵەسێنەرەکانی ئێراندا بەرزبوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تەرمی دوو سەربازی ونبوو لەناو وێرانەی یەکێک لەو دامەزراوانەدا دۆزرایەوە کە لەسەرەتای هێرشەکاندا کرابونە ئامانج.


به‌گوێره‌ى بەیاننامە فەرمییەکەی سێنتکۆم، ئەو دوو سەربازە لەو شوێنەدا بون کە ئێران لەشەپۆلی یەکەمی هێرشەکانیدا بەوردی به‌ئامانجى گرتبون، ئەمەش تێکڕای کوژراوانی سوپای ئەمریکای لەم جه‌نگه‌دا گەیاندە شه‌ش سەرباز.

تەنها بارەگا سەربازییەکان ئامانجى موشه‌كه‌كانى ئێران نەبون؛ به‌ڵكو به‌گوێره‌ى بروسکەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردوەتەوە، هێرشەکان گەیشتونەتە ناو جەرگەی مەنامەی پایتەختی بەحرەین، لەوێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، هۆتێلێکی کردوەتە ئامانج‌و بەهۆیەوە دوو کارمەندی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بەسەختی برینداربون.

ئەم دۆخە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ فراوانبونی بازنەی جەنگەکەو گۆڕینی ناوچەکە بۆ گۆڕەپانێکی کراوەی ڕوبەڕوبونەوە کە تێیدا چیتر بنکەو نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا پارێزراونین.