شارپرێس:
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی سەرکردایەتیی داهاتوی کۆماری ئیسلامی ئێران کردو ڕایگەیاند، هەر کەسێک وەک ڕێبەری نوێی ئەو وڵاتە دەستنیشانبکرێت، لەلایەن ئەوانەوە دەکرێتە ئامانج.
کاتز لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "هەر ڕێبەرێک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دابنرێت بۆ ئەوەی بەردەوامی بەبەرنامەی لەناوبردنی ئیسرائیل بدات، یان هەڕەشە لەئەمریکاو جیهانی ئازادو وڵاتانی ناوچەکە بکاتو بەردەوامبێت لەسەرکوتکردنی گەلی ئێران، ئامانجی ئێمەیە بۆ سڕینەوەو لەناوبردن".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردوەتەوە، "گرنگ نییە ناوی ئەوکەسە چییەو لەکوێ خۆی حەشاردەدات"، ئاماژەی بەوەشکردوه، وڵاتەکەی بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانی، بەردەوامدەبێت لەتێکشکاندنی تواناکانی ڕژێمی تارانو خەریکن بوار خۆشدەکەن بۆ ئەوەی گەلی ئێران خۆیان ئەو دەسەڵاتە بڕوخێنن.
ئەو لێدوانانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە هەندێک لەمیدیاکان، بڵاویانکردوەتەوە، موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری پێشوی ئێران، لەژێر فشاری سوپای پاسداراندا، وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژێردراوە.
