هێرشێکی درۆنی بۆ سەر زیندانی ئەبو غرێب پوچه‌ڵده‌كرێته‌وه‌.. بەغدا پەیامێکی توند دەنێرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1397 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی کتوپڕدا کە نیشانەی ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، بەرگریی ئاسمانی توانی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەئاسمانی ڕۆژئاوای پایتەخت تێکبشکێنێت، ئەو هەوڵە کە ئامانجەکەی دەوروبەری زیندانی مێژویی‌و هەستیاری ئەبو غرێب بوو، جارێکی دیکە سەرنجەکانی خستەوەسەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.


وردەکاریی ڕوداوەکە
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە درۆنێک دەستنیشان بکەن کە هەوڵیاندەدا لەدەوروبەری زیندانی ئەبو غرێب نزیک ببنەوە، هێزەکان دەستبەجێ‌و به‌گوێره‌ى ڕێکارە سەربازییەکان مامەڵەیان لەگەڵ تەنە نامۆکە کردوەو پێش گەیشتن بەئامانجەکەی، خراوەتە خوارەوە.

ئەنجامەکان.. ئارامی لەژێر چاودێریدا
به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، پرۆسەی خستنەخوارەوەی درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانی‌و مادی لێنەکەوتوەتەوە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختیکردوه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی ڕوینەداوە، دۆخی دەوروبەری زیندانەکە بەتەواوی جێگیرە، هێزە تایبەتەکانیش بەردەوامن لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی.

پەیامێکی گرنگ دەربارەی زیندانییەکان
خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەبەیاننامەکەی حکومەتدا ئەوەبوو کە ڕایانگەیاند، "هیچ زیندانییەکی پەیوەندیدار بەدۆسیەکانی تیرۆر لەناو زیندانی ئەبو غرێبدا نییە".

ئەو ڕونکردنەوەیە وەک پەیامێک دەبینرێت بۆ ئەو لایەنانەی کە ڕەنگە بیانوی هێرشەکەیان بۆ ئازادکردنی چەکدارە توندڕەوەکان گەڕاندبێتەوە.

ئەو سەرکەوتنە ئەمنییە، نیشانەی گەشەسەندنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی عێراقە لەڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە نوێیەکان (درۆنەکان) کە لەمدواییانەدا بونەتە مەترسییەکی بەردەوام بۆ سەر بنکەو دامەزراوە حکومییەکان.