پژاک بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2837 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئەنجومەنی پژاک داوا لە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، کۆمیتەی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی لە هەموو بوارەکاندا دروست بکەن  گەنجانیش بەشداریی لە ڕیزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستاندا بکەن.

ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) لەبانگەوازییەکی بەپەلەدا بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، دۆخێک لە ئارادایە کە هەڵگری کۆمەڵێک هەڕەشەی جیدی و لە هەمان کاتیشدا، دەرفەتی مێژووییە. لەو باوەڕەداین بە خۆ بەرپرسیار دیتن و پێکهێنانی ئەرکەکانمان دەتوانین دەرفەتەکان بقۆزینەوە، هەڕشەکان پووچەڵ بکەینەوە.

دەقی بانگەوازییەکە بەمشێوەیەیە:

“بانگەواز بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گەلی نیشتیمانپەروەری کورد و هەموو گەلانی زاگرۆس

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە بە مەیدانی شەڕێکی دژوار کە  دەرەنجامی سیاسەتە چەوت و دزێوەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژێمە لە لایەکەوە، ماوەی ٤٧ ساڵە مافی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی لە گەلانی نێوخۆی ئێران زەوت کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە سەرچاوەی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی جیهان. لە ئاکامی ئەم جۆرە سیاسەتانەدا، ئەمڕۆ شەڕێک بەرۆکی حکومەتی ئێرانی گرتووە، کە لەسەر ژیان و هەروەها چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان پێدەچێت کە ئەو شەڕە مەودایەکی درێژتر بخایەنێت هەربۆیەش نرخاندنی کاریگەرییەکانی شەڕ و بەپێی ئەوەش ئامادەکاری چڕوپڕ پێویستە. دۆخێک لە ئارادایە کە هەڵگری کۆمەڵێک هەڕەشەی جیدی و لە هەمان کاتیشدا، دەرفەتی مێژووییە. لەو باوەڕەداین بە خۆ بەرپرسیار دیتن و پێکهێنانی ئەرکەکانمان دەتوانین دەرفەتەکان بقۆزینەوە، هەڕشەکان پووچەڵ بکەینەوە و هەروەها کاریگەری شەڕ لە سەر ژیانی کۆمەلگەکەمان کەمتر بکەینەوە. بۆ ئەمەش ئەم خاڵانە دیار دەکەین:

یەکەم: داوا لە سەرجەم گەلی خۆڕاگرمان دەکەین، ڕۆحی یەکڕیزی و تەبایی بکەنە هەوێنی هێز بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و هەنگاونان بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی. پێویستە بە چاوێکی کراوە و هۆشیارییەکی سیاسیی قووڵەوە هەنگاو بنێین، تا بتوانین بە کەمترین تێچوو، گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەیی مسۆگەر بکەین. یەکگرتنی پتەوی کۆمەڵایەتی، بەهانای یەکترەوە چوون و ڕۆحی هەرەوەزی و دەستەوایی کە هەڵقوڵاوی فەرهەنگی کۆمەڵگای ڕەسەن و ئەخلاقی کوردە ڕەمزی خۆپاراستن و سەرکەتنمان دەبێت لەو قۆناغەدا. لە هەموو گووند و گەڕەکەکانی شارەکان دا بە سازکردنی کۆمیتەکانی بەڕێوەبەری خۆجێی، دابەشکردنی ئەرک لەناو هاونیشتیمان دا و ڕێکخستنی کۆمیتەگەلێک بۆ بابەتەکانی پاراستن، تەندرووستی و خزمەتگوزاری و هەروەها لۆجیستیک کۆمەڵگەی خۆمان لە بەرانبەر هەڕەشەکان و هەروەها کاریگەری شەڕ بپارێزین. کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات لە هەندێک شوێن گەلەکەمان ناچاری کۆچبەری و ئاوارەبوون بکات. ئەوە بەشێکە لە سیاستی قڕکردن و پێویستە بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەرەنگاری ئەو سیاسەتە ببینەوە و خۆڕاگری بکەین. بە نەمانی دەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی پێویست دەکات ئەڵتەرناتیڤی ئەو دەزگایانە بە شێوازی هەرێمی لە لایەن گەلەوە ساز بکرێن. دەتوانین نیشان بدەین کە پێویستیمان بە هەبوونی دەوڵەت و دەزگاکانی نییە و کۆمەڵگەی ئێمە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەیە. لە بەرانبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک کۆمەڵگەی ئێمە بە چەمکی پاراستنی ڕەوا مافی خۆپاراستنی هەیە و سازکردنی کۆمیتەکانی تایبەت بە پاراستن پێویستییەکی ژیانییە. هەروەها بە وریایی تەواوەوە ڕێگر بین لە دزەکردنی بەکرێگیراوانی ڕژیم بۆ ناو کۆمەڵگە و سازمانی کۆمەڵایەتیمان و ئەو بەکرێگیراوانەی کە ناسراون هانیان بدەین پشت لە ڕژێم بکەن و خۆیان بسپێرنە  دەست لێبوردەیی گەل. بێگومان ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، گەورەترین وزەی ئێمە دەبێت بۆ سەرکەوتن و پێویستە لە جاران زیاتر هەوڵەکانمان لەم پێناوەدا چڕ بکەینەوە. دروشممان ئەوەیە: چەندە کۆمەڵگەی یەکگرتوو ئەوەندە بەرخۆدان، چەندە بەرخۆدان ئەوەندە ئازادی.

دووەم: داوا لە تەواوی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ڕۆڵی پێشەنگایەتیی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە بەڕێوەببەن و ببنە قەڵغانی پاراستنی گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کە پاکتاوکردنی گەل و لەناوبردنی ئازادیی نەتەوەکەمان دەکەن بە ئامانج. جەوانانی نیشتیمانپەروەر بە کوڕ و کچەوە بەرپرسیارانی سەرەکی بەڕێکخستنکردن، بەرزڕاگرتنی ئاستی ورە، بە سیاسیکردن و پاراستنی کۆمەڵگەی ئێمەن. هەربۆیەش هەموو جەوانان لە ئاستی ئامادەکاری و خۆپەروەردەکردندا خاوەن بەرپرسیاریەتین. جەوانان دەتوانن لە گرووپی بچووکدا خۆیان ڕێکبخەن و پەروەدە بکەن. هەروەها ئەو جەوانانەی کە دەیانەوێت لە ئاستی پسپۆری (حیرفەیی)ـدا لە بوارەکانی پاراستن و سیاسیدا پەروەدەی پێشکەوتووانە ببینن و وەکوو شۆڕشگێڕی پسپۆڕ خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن با پەیوەست بن بە ڕێزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان. پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی گەریلا، بەرزترین ئاستی هەڵوێستی نیشتمانپەروەری و نیشانەی ئەمەکناسییە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگە.

سێیەم: بەهۆی ئەوەی کە هەموو ناوەندەکانی نیزامی و ئەمنی و سیخووڕی ڕژێم لە لایەن ئەرتەشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێن بە ئامانجی بۆمباران، داوا لە گەلەکەمان دەکەین خۆیان و بنەماڵەکانیان لەو ناوەندانە بە دوور بگرن. هەروەها هێزەکانی ڕژێم لە ترسی هێرشی ئاسمانی خۆیان لە مزگەوتەکان و خوێدنگاکاندا حەشار داوە. بەکارهێنانی خوێندنگە و مزگەوت بۆ مەبەستی نیزامی تاوانی دژە مرۆڤایەتییە و پێویستە گەلەکەمان ناڕەزایەتی خۆی لە داگیرکردنی ئەو شوێنانە دەرببڕێت. هەروەها خۆبە دوورگرتن لە هەموو شوێنەکانی خۆحەشاردانی هێزەکانی ڕژێم بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتیمانان بە پێویست دەزانین.

چوارەم: بانگ لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن ڕەنج و ئەمەگن لە تێکۆشانی پارتیمان دا و بە هەر هۆکارێک، لە ڕیزەکانی تەڤگەرەکەمان دابڕاون، یان پەیوەندیی ڕێکخستنیان نەماوە؛ لەم دۆخە هەستیارەدا، بۆ دووبارە جێگرتنەوەیان لە کار و خەباتدا، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتییمانەوە بکەن. باوەشی پژاک وەک هەمیشە بە ڕووی هەموو تێکۆشەراندا کراوەیە.

لە کۆتاییدا، جەخت دەکەینەوە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بۆ کەنارەکانی ئارامی و ئازادی، لە گرەوی تەبایی و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدایە.”